ئەڵمانیا چەکی قورس ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت وتی ئەڵمانیا حەوت تۆپهاوێژی دیکەی هاویتزەر ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو پێنج سیستمە تۆپهاوێژەدا کە حکومەتی ئەڵمانیا بەڵێنیداوە بیدات بە ئۆکرانیا.

پێشتر ئەڵمانیا پەیڕەوی سیاسەتێکی دەکرد کە تیایدا چەکی ڕەوانەی ئەو ناوچانە نەدەکرد کە جەنگییان تێدایە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو بەهۆی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە سیاسەتەکەی خۆی گۆڕی و دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا.

لامبرێخت و سەرکردەی بەرگری ئەڵمانیا جەنەڕاڵ ئیبەرهارد زۆرن لە شارۆچکەی سلیاکی سلۆڤاکیاوە بە ڕۆژنامەنووسانیان وت چەکە قورسەکان ڕاستەوخۆ لە جبەخانەکانی سوپای ئەڵمانیاوە ڕەوانە دەکرێن و لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەگەنە ئۆکرانیا.

زۆرن وتی پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو لە شارۆچکەی ئیدار ئۆبەرشتاینی ئەڵمانیا مەشقکردن بە 20 سەربازی ئۆکرانی لەسەر پانزەرهوبیتز 2000 دەستپێبکات، وتیشی ئەم سەربازانە ئەزموونیان هەیە لە بەکارهێنانی هاویتزەری سەردەمی سۆڤییەتدا.

لەکاتێکدا کە ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردۆتەوە، ئۆکرانیا داوای چەکی قورسی کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button