ڕاوێژکارێکی کازمی: پێشبینی دەكرێت داهاتی ئەمساڵی عێراق بگاتە ١٥٠ ملیار دۆلار

لڤین:

ڕاوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشبینی دەكات، داهاتەکانی عێراق لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلاری ئەمەریکی تێپەڕێنێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕایگەیاندووە، خوێندنەوە و پیشبینییەکانی سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتەکانی عێراق لەساڵی ٢٠٢٢ پشتی بە کۆی داهاتە بەدەستهاتووە نەوتیی و نانەوتییەکانی حکومەتی فیدراڵی لەمساڵدا بەستووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێدەچێت سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراقی بە ٣.٤ ملیۆن بەرمیل هەژمار کردبێت، کە بەتێكرایی نرخی بەرمیلێک بە ١٠٤ دۆلار فرۆشرابێت، لەگەڵ دەستکەوتنی نزیکەی هەشت بۆ ١٠ ملیار دۆلاری داهاتی نانەوتی.

ڕاوێژکارەکەی کازمی ئەوەشی وتووە: ئەگەر داهاتە نەوتیی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش هەژمار بکرێت، ئەوە تێکڕای داهاتەکانی عێراق لەمساڵدا لە ١٥٠ ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button