سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ شێخ و کەسایەتییەکانی نەجەف کۆبوەوە

لڤین: سەرۆک کۆماری عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە شێخ و کەسایەتی نەجەف کۆبوەوە و تێیدا سەردانە چاوەڕوانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ شارەکە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و داکۆکیکاریی لە داواکارییە رەواکانی خەڵک گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ئەمڕۆ دکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێک کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک شێخ و کەسایەتی نەجەف و سەبارەت بە بارودۆخی شاری نەجەف و سەردانە چاوەڕوانەکەی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بۆ نەجەف و دیداری لەگەڵ ئایەتوڵای عوزما سەماحەتی سەید عەلی سیستانی گفتوگۆکرا.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە رۆڵی گرنگی نەجەف و مەرجەعیەتی ئاینی و شێخ و کەسایەتییە عەشائیرەکانی وڵات لە پاراستنی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی نەجەف هێمای دادپەروەری و پشتیوانی لە داواکارییە رەواکانی ھاونیشتمانیان و رێگریکردنە لە توندوتیژی و بەرگری لەو مەترسیانەی کە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە و بەشداری کارای هەیە لە چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە وڵات.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند، سەردانە چاوەڕوانەکەی قەداسەتی پاپا فرانسیس بۆ نەجەف و دیداری لەگەڵ ئایەتوڵای عوزما سەماحەتی سەید عەلی سیستانی دیدارێکی مێژوویی گرنگە، ھاوکات گوزارشتێکی قوڵیش دەکات لە پەیوەندی مرۆڤانە و پشتیوانی لە کاروانی دادپەروەری و بەهای خۆشەویستی و ئاشتی و برایەتی.