عەتا سەراوی: مەسرور بارزانی بە عەقڵیەتێکی وشکی تەسکی حزبایەتیەوە کاردەکات

لڤین: عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرێت بەوەی “بە عەقڵیەتێکی وشکی تەسکی حزبایەتیەوە کاردەکات”، هاوکات رەخنەش لە سەرۆک کۆماریی عێراق دەگرێت، دەشڵێت: گۆڕان خۆی سەرپەرشتیاری ناوچە سنورییەکانە، کەچی یەکێتی بە قاچاخچێتی تۆمەتبار دەکات.
عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن ئاڕتی، رەخنەی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و وتی: “بە عەقڵیەتێکی وشکی تەسکی حزبایەتیەوە کاردەکات و حکومەتیش خەمی خەڵکی زیاد کردووە”.
عەتا سەراوی، رەخنەی لە بزوتنەوەی گۆڕانیش گرتووە و وتویەتی: “گۆڕان سەرپەرشتیاری ناوچە سنورییەکانە کەچی یەکێتی بە قاچاغچێتی تۆمەتبار دەکات، ئێمە باوەڕمانوایە گۆڕانیش بەرپرسیارە لە ئیدارەی بەشێک لەو ناوچانەی کە قاچاغچێتی تێدادەکرێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماریی عێراقیش گرتووە کە لە حزبەکەی خۆیەتی و وتوویەتی: “زۆرێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بە سەرۆک کۆماریشەوە، نەیانتوانیوە کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و بەرهەم ساڵح-یش لە ئاست تموحی یەکێتیدا نەبووە لە بەغدا”.