ڤیان سەبری: ئەو هێرشەی کرایە سەرمان هەڵوێستی مەرجەعییەتی شیعە نییە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هێرشەکەی سەر لقی بەغدای پارتی دوای تویتی کەسێک بەناوی نایف کوردستانی ئەنجامدرا کە بۆچوونی کەسی خۆی دەربڕیبوو و بۆچوونەکانی گوزارشت نین لە بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وتیشی: “مەرجەعییەتە ئاینییەکان لای خەڵکی هەرێمی کوردستان رێزی زۆریان لێ دەگیرێت؛ ئێمە باش دەزانین عێراق وڵاتێکی فرە رەنگە و دەبێ رێز لە سیمبوولە ئاینییەکان بگیرێت”.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 28-3-2022  بە کەناڵی  رووداوی ڕاگەیاند:” کەسێک بە نەزانی ئەو تویتەی کردووە؛ێمە دەزانین ئەو هێرشە هەڵوێستی مەرجەعییەتی شیعە نییە و دەزانین ئەوان دڵیان زۆر لەوە فراوانترە؛ ساڵێک نابێ کەسانێکی دیکە لە شەقامی عێراقی هێرشیان کردە سەر مەرجەعییەتی شیعەی عێراق، بەڵام مەرجەعییەت گوتیان ئێمە دڵمان فراوانە و نامانەوێ لێپرسینەوە لە هیچ کەسێک بکرێت بەهۆی رەخنەگرتن لە ئێمەوە”.
بە گوتەی ڤیان سەبری، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو راستەوخۆ فەرمانی گرتنی بۆ نایف کوردستانی دەرکردووە و دەستگیرکراوە و دەشڵێت: “هۆکاری ئەو فەرمانە پەیوەستە بە یاساوە؛ لە یاسای عێراقیدا قبووڵکراو نییە هیچ کەس و لایەنێک سووکایەتی بە سیمبوول و مەرجەعە ئاینییەکان بکات”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ: “پێویستە چاوەڕێی راپۆرتی ئەو لیژنانە بکەین کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا، دیار نییە کێن ئەو هێرشەیان کردووە، بەڵام دیارە ئاراستە کراون بەرەو بارەگای لقی پێنجی پارتی و ئەوەش جاری یەکەمیان نییە”.
ڤیان سەبری دەڵێ: “ئاساییە لەنێو حزبێکی گەورەدا کەسێک هەبێت بە نەزانی شتێک بکات؛ ئەوە لەناو هەموو حزبێکدا روودەدا، بەڵام ناکرێ نەزانی کەسێک ببەسترێتەوە بە رای گشتی حیزبەکەیەوە؛ ئەو تویتەی نایف کوردستانی ئاماژە نییە بە بۆچوونی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت:”گومانی تێدا نییە، ئەو هێرشەی شەوی رابردووی سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندی بە مەرجەعییەتی نەجەفەوە نییە. ئێمە ئەو هێرشە سەرکۆنە دەکەین و لە هەمان کات دا سەرکۆنەی سووکایەتیکردن بە مەرجەعییەت و سیمبوولە ئاینییەکان دەکەین و رێزگرتن لێیان یەکێکە لە بنەما فکرییەکانی پارتی و خەڵکی کوردستان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button