عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: مووچه‌ی مانگی ئازار به‌ 300 ملیار دیناری زیاده‌وه‌ ئاماده‌یه‌

لڤین:

عەلی حەمە سالح ئه‌ندامێی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانم له‌ئێستادا به‌مووچه‌ی مانگی ئازاری فه‌رمانبه‌ران به‌ 300 ملیار دیناره‌وه‌ له‌به‌رده‌ست حكومه‌ته‌و پێویسته‌ خه‌ڵك قبوڵی نه‌كات دابه‌شكردنی مووچه‌ دواكه‌وێت.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌مانگی دوودا 488 ملیۆن دۆلار داهاتی نه‌وت بووه‌، كه‌ تێكڕای به‌رمیلێك نه‌وت 97 دۆلار بووه‌، به‌ڵام له‌مانگی ئازاردا به‌حساباته‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت تێكڕا به‌رمیلێك نه‌وت 117 دۆلاربووه‌، بۆیه‌ له‌داهاتی نه‌وت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا 550 ملیۆن دۆلاری له‌به‌رده‌ستدایه‌و ته‌نها 50 ملیۆن دۆلاری كه‌مه‌ بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مانگی ئازار.

وتیشی: حكومه‌ت له‌داهاتی ناوخۆ ته‌نها پێویستی به‌ 50 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر زۆر كه‌مه‌و ته‌نها داهاتی ئیبراهیم خه‌لیل به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داهاتی ناوخۆ و 200 ملیار دیناری عیراق و 550 ملیۆن دۆلاری نه‌وتی له‌به‌رده‌ستدایه‌و به‌مه‌به‌ست مووچه‌ی مانگی ئازار دابه‌شناكات، بۆئه‌وه‌ی تا پێش جه‌ژن دوو مووچه‌ دابه‌شنه‌كات و پیلانی هه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی نیساندا ده‌ستبه‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئازار بكات و تا كۆتایی ره‌مه‌زان یه‌ك مووچه‌ دابه‌شبكات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button