ئەلمۆنیتۆر چەندین نهێنی لەسەر داخستنی دەروازەی سێماڵکا لەلایەن پارتەوە ئاشکرا دەکات

لڤین:

پێگەیەکی ئەمریکی چەندین نهێنی سەر هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ و داخستنی دەروازەی سنوری فیشخابور لەلایەن پارتیەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت تورکیا کار لەسەر دوبەرەکی دروستکردن لە نێوان ڕۆژئئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەکات.

پێگەی ئەلمۆنیتۆر ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و داخستنی دەروازەی فیشخاور بڵاوکردووەتەوە تیادا دەڵێت: هێرشی ڕۆژی کریسمەس بۆ سەر ئەندامانی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا ئاستێکی نوێی چڕکردنەوەی هەڵمەتە سەربازییە بەردەوامەکانی ئەنقەرەیە لە دژی گرووپە کوردییەکانی گرێدراو بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پشتیوانی ئەمریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ڕاپۆرتەکە باسی لە گرنگی ڕۆژی 25ی کانونی یەکەم کردووە دەڵێت ئەو ڕۆژە لە جیهاندا خەڵک هەموو خەریکی جەژنی کریسمەس بوون هەر بۆیە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ماڵێکی پڕ لە چالاکوانانی گەنج لە شارۆچکەی کۆبانێدا و سێ ژنی گەنج و دوو پیاو کوژران.

باسی لەوەکردووە، ئەمریکا و حکومەتەکانی ئەوروپا زۆر بەدەگمەن شتێک دەڵێن کاتێک تورکیا بەشێوەیەکی دیاریکراو دوژمنە کوردەکانی دەکاتە ئامانج، بەڵام هێرشکردنە سەر ئەندامانی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا، ئاماژە بە ئاستێکی نوێ دەکات لە هەڵمەتی سەربازیی بەردەوامی تورکیا دژی گروپە کوردییەکانی گرێدراو بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی.

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، لە زنجیرە تویتێکدا ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە سیاسەتی تۆقاندنی تورکیا لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بوەستێنێت.

ئەلمۆنیتۆر وتوشیەتی: دوو کەس لەقوربانیانی هێرشەکەی ڕۆژی کریسمەس خەڵکی گوندێکی بچووکی نزیک کۆبانێ بوون، هەردوو پیاوەکەش عەرەب بوون. بە وتەی ساڵح موسلیم، سەرکردەی دێرینی کوردی سوریا و ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کە لەدەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەردا بەشدارە، ئاشکرای کردووە “قوربانییەکان هەموو خەڵکی مەدەنی بوون ئەوان گەنج بوون کە کەمپەینیان ڕێکخستووە بۆ ئەوەی گەنجانمان لە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان دووربخەنەوە”.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئیلهامی خۆی لە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە وەردەگرێت، کە لە ساڵی 1984ەوە شەڕی سوپای تورک دەکات، لە سەرەتادا بۆ سەربەخۆیی و ئێستا بۆ خۆبەڕێوەبەریی کار دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا بەهەڵبژاردنی لێدان لە گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا ڕەنگە تورکیا هیواداربێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەعێراقی دراوسێدا بقۆزێتەوە لەرێی هێرشە بەردەوامەکانی دژ بە پەکەکە.

راپۆرتەکە لە ئامادەکردنی ڕۆژنامەوان  عەمبەرین زەمان-ە دەشڵێت، ئەندامانی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەسەر پردی دەروازەی سنوری سێمالکا لە بەرەی سوریا بە پەڕینەوە بۆ فیشخابوور لە بەرەی عێراق خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا دژی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنی تەرمی سێ تێکۆشەری پەکەکەیی کوردی سوریا کە لە هاویندا لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان کوژران دایکانی چەکدارە کوژراوەکان ماوەی چەند مانگێکە لە سنورەکە دادەنیشن و داوای تەرمی ڕۆڵەکانیان دەکەنەوە.

وتوشیەتی، ئەو خۆپیشاندانە توندوتیژ بوو کاتێک بەرپرسانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنورەکە دەستیان کرد بە هەڵدانی بەرد و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ بەرامبەر بە گەنجان، لەبەرامبەردا گەنجەکان بەردەکانیان هەڵدایەوە و دروشمیان لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتدارە و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەنقەرە هاوپەیمانە دەوتەوە.

ئاماژەی بە وەڵامی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو ڕووداوە کردووە و دەڵێت حساباتێکی جیاوازیان خستووەتەڕوو وتیان، گەنجان توندوتیژیەکانیان ئەنجامداوە ڤیدیۆیەک کە ئاژانسی هاوار نیوزی پەیەدە بڵاویکردووەتەوە، گەنجانی دەمامکدار نیشان دەدات کە بەردیان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵداوە، بەڵام ڕوون نییە کێ یەکەم جار بەردەکان فڕێدەدات.

هەرچۆنێک بێت وەڵامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون نەگونجاو بوو فیشخابوور و تاکە دەروازەی پەڕینەوەی عێراق بۆ سوریا لە نزیک ئەلوەلیدی داخست کە زۆرترین هاتووچۆی بازرگانی بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە خۆدەگرێت.

ئاشکراشیکردووە واشنتۆن ناچار بوو دەستوەر بدات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و ڕێگا دراوە 38 بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی لە کوردستانی عێراقەوە بپەڕنەوە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەڵام قەدەغەکردن لەسەر هەموو ڕێگاکان بەردەوامە و ڕێگا دەدرێت ئەو بارهەڵگرانەی کە پێداویستیان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵگرتووە بپەڕنەوە، بەڵام ڕوون نییە کەی یان لەسەر چ مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان سنورەکە دەکاتەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکاریی ئەلمیتۆری نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەو بارەیەوە.

وتەبێژێکی دەروازە سنوریەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە ئەلمیتۆری وتووە، لە ڕۆژی 25ی کانوونی یەکەمەوە هەواڵی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان لە نزیک کۆبانێ بیستووە ئێمە بەردەوامین لە داواکردن لە هەموو لایەنێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داخستنی دەروازە سنوریەکە.

وتەبێژەکە ئەوەشی وت “داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین ڕێگە بدەن و ئاسانکاری بکەن بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە سەلامەتی و بێ بەربەست بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستیانە”.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لەوانەیە ئەم داخستنە زیان بە هاوکارییە مرۆییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بگەیەنێت کە 1.8 ملیۆن کەس یارمەتی وەردەگرن.

بە بیری هێناوەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی پەیەدە لە ساڵی 2012 ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیاند، فیشخابوری داخستووە ئەوەشی وەک بەشێک لە فشارەکانی تورکیا ڕاگەیاندووە.

هاوکات دەشڵێت بەشداری کردنی ئەمریکا لە شەڕی تیرۆردا بووە هۆکاری کردنەوەی دەروازەکە و چاوچنۆکیش بۆ نەوتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وایکرد کە دەروازەکە بە کراوەیی بهێڵنەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button