شکست ڕووداوە، هەڵسانەوە هونەرە

یەکەم:

بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێمای ئەنتی گەندەڵی و پرۆ چاکسازی ئەناسرا،کەمیشن ئەوانەی هیوایان لەسەر گۆڕان هەڵنەچنیبوو تەنانەت ئەوانەی دژیایەتیشیان ئەکرد.

کاتێک گۆڕان لە ترۆپک و درەوشانەوەیا بوو، خەڵکانێکی زۆری هەلپەرست و پۆستپەرست، دەسەڵاتخواز و پەرژەوەندیخواز، خۆپەرست و خۆسەپێن، بەجۆرێک خۆیانخزانە ناو گۆڕانەوە کە هیچ بوارێکیان بۆ گۆڕانخوازی دڵخوازی چاکسازی و پاکسازی نەهێشتەوە، بەڵکو لەڕێی خۆبردنەپێشەوەو ماستاوکردنەوە بوون بە کەسی خاوەن بڕیار و دەسەڵاتداری گردەکە و لەوێشەوە بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیر و پلە باڵاکانیتر.

لەڕاستیا ئەو خەڵکانە بەدوای پەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن و هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژیا و باوەڕێک نین، ئەوان بەپلەبەندی پۆل پۆل گۆڕانیان گووشی و پاشان بەردێکیان فڕیایە ناو کانیەکەی.

دووەم:
هۆکاری شکستی بزوتنەوەی گۆڕان زۆرن بەڵام دووان لەوانە زۆر زەقن یەکێکیان ئەوەبوو کە خەڵکی ناڕازی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی پارتی و یەکێتی لە دەوری گۆڕان کۆبوونەوە، بەڵام گۆڕان چووە ناو حکومەتەکەی پارتی و هاوپەیمانیشی لەگەڵ یەکێتیا واژۆکرد، ئیتر دەنگدەری گۆڕان بزوتنەوەیەیان وەک شاگردی سیاسەتی ئەو دوو حیزبە ئەبینی، لەبری ئەوەی چاوەڕێی دەستی شاگردبن، گەڕان بۆ خودی وەستاکە.
هۆکاری دووەم دەنگە ناڕازییەکانی ناو خودی گۆڕان بوون، ئەمانیش دوو بەش بوون.
١. ئەوانە بوون کە بۆ ئیمتیاز و دەستکەوت هاتبوونە ناو بزوتنەوەکە کە ئەمانیش دوو بەشن، بەشێک لەم گرووپە ئەوەی ویستیان  دەستیان کەوت، لەسفرەوە بوون بە ژمارەیەکی دیار و مامەڵەیان بەخۆیانەوە کرد و خۆیانفرۆشت و کڕران. بەشی دووەمی ئەم گرووپە لە قەلان لە کۆترانیش بوون واتە نە لەناو گۆڕنا هیچیان دەستکەوت نەبەهۆی گۆڕانیشەوە هیچیان دەستکەوت.
٢. دەنگە مشورخۆرە ناڕازییەکانی ناو گۆڕان،  ئەو دڵسۆزانە بوون کە ئەیانزانی گۆڕان ڕێیەکی هەڵەی هەڵبژاردووە، ئەمانە  نەیانئەتوانی لەڕێبازی نەوشیروان مستەفا لابەن بۆیە گۆڕانیان جێهێشت، مەخابن ئەو خەڵکە دڵسۆزەش بوون بەچەن بەرەیەکی جیاوازەوە و هەماهەنگی یەکیان نەکرد.
بەڵام ئەوەی گۆڕانی زیاتر بێ هێزو لاوزکرد خەڵکە دڵسۆزەکەی بوون، کە زیاتر و توندتر لە ڕکەبەرانی گۆڕان هێرشیان ئەکردە سەر بزوتنەوەکە بەڵکو بتوانن بەئاگای بهێننەوە، بەجۆرێک کە ڕکابەرانی گۆڕان بێدەنگ بوو بوون، ئەوان لەبری ئەمانیش بزوتنەوەکەیان ئەکووتی. کرم لەدارنەبێ هەرگیز ناوەکەی بۆ کۆڵ ناکرێ.

سێیەم:
شکست بێکەسە، بەپێچەوانەشەوە هەمووان خاوەنداری سەرکەوتنن.
ئێستا لای زۆرینە گۆڕان گڵۆڵەی سەرەولێژە، باس لە هەڵوەشانەوە و پووکانەوەی زیاتری ئەکرێ، لەڕاستیا ئەگەر خەڵکێک بیت بە ڕق و تۆڵەوە بیر بکەیتەوە ئەوا ئەو بۆچوونە ڕاستە، بەڵام ئەم گلانەی ئێستای گۆڕان دیوێکی تری شارەوەشی هەیە کە تەنها دەنگدەرەکانی گۆڕان کۆدەکەی ئەزانن.

گۆڕان حیزبێکی ستالینی تەقلیدی نیە تا کار بۆ سەرخستنی ئایدۆلۆژیایەکی دیارکراو بکات، بەڵکو گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەری خۆڕسکە، هێز لە شەقام و زۆرینەی بەرهەڵستکاری خراپەکاری و گەندەڵی و نادادییەوە وەرەگرێ، هەرکاتێ بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی ئەتوانێ متمانەی جەماورەکەی بەدەستبهێنێتەوە بەڵام پێویستی بەکاتە.
گۆڕان لە هیچ حیزبێکی کوردستان ناچێ نە ئەوانەی چەندین سەدەیە بوونیان هەیە نە ئەوانەی لەم دواییانەشا دروست بوون، چونکوم  ئەم بزوتنەوەیە لەبری سوپایەک لە ئەندام و لایەنگری مووچەخۆر ، هەزاران دەنگدەری هۆشیاری هەیە کە بزوتنەوەکە خودی خۆی هۆشیار و بیرفراوانی کردون کە چاو لەنادادی و گەندەڵی نەپۆشن،  هەڵبەتە ئەو جەماوەرەی گۆڕان دروستی کردن خەڵکێن ئەتوانن جێگۆڕکێ بکەن دەنگ بەلایەنێکی ئەیەن کە ڕژدبێ لەسەر بەڵێنەکانی و بەکردار جێبەجێیان بکات ئەمەش کارێکت زۆر تەندروستە و ئاسۆیەکی گەشە بۆ داهاتوو. گۆڕان داهێنانی لەجۆری حوکمڕانی کوردستانا کرد و بۆیەکەمجار ئۆپۆزسیۆنی دروست کرد، کاتێ گۆڕان دروست بوو ئاوی گەندەڵی بەژێر خەوی خۆشی میلەتا ئەڕۆی.

چوارەم:
گۆڕان کاتێ دروست بوو کە هەرێمی کوردستان لە لایەن دوو حیزبەوە بەڕێوەئەبرا، بڕیار و دەرکردنی یاساکان هەمیشە بەکۆی دەنگ دەرئەچوێنرا، هیچ دەنگێکی ناڕازی بوونی نەبوو تا گۆڕان هات و ئەو مۆدێلەی گۆڕی، بەکردار ئۆپۆزسیۆنی کارای هێنایە ناو کایەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەوە.

گۆران شۆڕشێکی هۆشیاری بەرپاکرد و خەڵکی فێرکرد بۆ یەکەم جار بڵێن “نەخێر”، مۆدێلێکی پەرلەمانی دروستکرد کە دەرچووانی یاساکان بەکۆی دەنگ نەبێت، گفتوگۆو تێچوون و ووشەگۆڕینەوە و بەرهەڵستکاری لەبەرامبەر هەردوو حیزبی خۆسەپێنی دەسەڵاتداردا بەرپاکرد، بۆیەکەمجار ئیستی لە دابەشکردن و برابەشی ماڵی میلەتکرد لەنێوان دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و دارودەستەکانیانەوە.

گۆڕان دەستی کرد بە پەروەدەکردنی گەل، چاویلکەی کردە چاوی خەواڵووی زۆرینەی خەویار و خەوخۆشەکان، ڕۆژنامەنوسانی فێرکرد کە بوێرانە ڕووماڵ بکەن و لەنوسینا خاتری خراپەکاران نەگرن، خەڵکی بە ماف و ئەرکەکانی ئاشناکرد، ژمارەی شاراوەو نادیاری داهاتی گشتی بۆیەکمجار خستە سەر شاشەو پەڕەی ڕۆژنامەکان، ووشەی بودجەی کرد بە ووشەیەکی ئاسان و سانا کە خەڵکانی سادە و بگرە نەخوێنەواریش لێیتێبگات نەک تەنها ئابوریناس و دەسەڵاتداتان.

پێنجەم:
لەناکاو گۆڕان دەستی لەمانە هەمووی هەڵگرت بە شێوەی ئاشکرا و بەرچاو، ئەگەرچی لەکارنامەی گۆڕانا ئەوانەی لەسەرەوە ناومانهێنان هەمیشە بەشێکی دانەبڕاوی کاری گۆڕان بووە بەڵام، چووە ناو حکومەت و بوو بەبەشێک لەو دەسەڵاتەی کەخودی خۆی لەدایک بووی ژانی ئەو ئازار و نادادی و گەندەڵیە بوو، گۆڕان لەدامێنی لەکەدارو کۆشی دڕاوی یەکێتیەوە هاتەدەرێ کەچی هاوپەیمانی لەگەڵا بەستن و چووە ژێر چەتری ئەو حیزبەوە کە ئەمەیان بۆ گۆڕانخوازان وەک هەڵگرتنەوەی تفی ڕۆکراوبوو.

بەشداری کردنی حکومەت لەگەڵ پارتیا بۆ دەنگدەر و بەشێکی زۆری هەڵسوڕاو سەرکردەکانی گۆڕان خەتی سوربوو، بەڵام هاوپەیمانی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی دوابزماری مەرگی بزوتنەوەکەبوو بۆ دەنگدەرەکانی.
پارتی وەزارەتی دارایی بۆ گۆڕان دیاری کرد، بەڵام پارەی وەزارەتەکەی لە وەزارەت سامانە سروشتیەکان هێشتەوە، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتیشی بۆ ئەو وەزارەتە دانا کە زۆر زیاتر لەوەزیرەکەی گۆڕان دەرئەکەوێت و پێش وەزیر زانیارییەکان بڵاوئەکاتەوە، کەچی گۆڕان بێ دەنگ بوو.
ماڵی یەکێتی پەنجەرەیەکی ساغی پێوەنەماوە، هاوسەرۆکەکان بەئاشکرا باس لە دزی و ڕفان و قاچاخچێتی یەکتر ئەکەن، بەردی بناغەی گۆڕان دەرئەهێنن تا دیواری ماڵە ڕوخاوەکەیانی پێدروستبکەن. دەنگدەری گۆڕان ئەمانەی ئەبینی بۆیە بەکردار و بەدەنگنەیان وەڵامی ئەندازیارەکانی ئەو هەڵانەیان یایەوە.

شەشەم:
دەنگدەری گۆڕان تووشی شۆک بوو، نەیئەتوانی گۆڕان بناسێتەوە، لە دوو هەڵبژاردنا و لە دوو کاتی جیاوازا گۆڕانی ئاگادارکردەوە و دوو کارتی زەردی بەڕووا بەرزکردەوە، مەخابن بەرپرسانی گۆڕان باش لەوە حاڵی نەبوون و لەسەر هەڵەو لووت بەرزی و بێ منەتی بەردەوام بوون تا لەدواین هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا دەنگدەری گۆڕان بەناچاری کارتی سوری بە ڕووا بەرزکردەوەو کردیە دەرەوەی یارییەکە.

هەڵبەتە کارتە سورەکەی دەنگدەری گۆڕان خەڵات و متمانە و دووپاتکردنەوەی وەفاو ڕژدبوونە بۆ ڕێبازەکەی نەوشیروان مستەفا، فرسەتێکیشە بۆ گۆڕان کە سەرلەنوێ خۆی کۆکاتەوەو بەنەفەسی ساڵی ٢٠٠٩وە بێتەوە ناو گۆڕەپان و هەوڵی بەدەستهێنانی متمانە بات، بەهیچ جۆرێ لە دەسەڵات نزیکنەبێتەوە تا خودی خۆی ئەبێ بەزۆرینە و پێکهێنەری حکومەت نەک بەشدارپێکراوی دەسەڵات، ئەبێ لە کاری کردەیا هەمیشە گۆڕان لەسەر کارنامە و ڕێبازەکەی خۆی ڕژدبێ و دەستی لێبەرنەیا.

حەوتەم:
گۆڕان خۆشبەختە لەوەی کە ئەو بزوتنەوەیە جەماوەرێکی هەیە لە دەنگدەری هیچ حیزبێکیتر ناچن. هاوکار و ڕێنیشاندەرن بۆ سەرکەوتن و جەربەزەو و خاوەنڕیارێشن لەکاتی لادان و سەرپێچیکردن.
شکستەکەی گۆڕان هەستێکی چەند سەرە، هەم پەژارە و گەشبینیە هەم شەرم و شکۆیە.
پەژارە و شەرمە چونکە ئەوەی کاک نەوشیروان دروستی کرد زۆر بەهەرزان فرۆشراو زۆریش بەئاسانیش ڕوخێنرا.
گەشبینی و شکۆشە چونکوم دەنگدەرانی گۆڕان خەڵکانێکی حیزبی و ئایدۆلوژی پەرست دەرنەچوون، بەڵکو هەڵگر و دەروێشی ڕێبازێکی نوێی سیاسی بوون کە دووربێ لە خۆپەرستی، خۆسەپێنی، گەندەڵی، عەشق و شەیدابوونی کورسی.

هەشتەم:
هەر عورف و عادەتی سیاسی وایە، هەر حیزبێک تووشی شکستبێت بەتایبەتی ئەو شکستە کەمەر شکێنەی گۆڕان، ڕاستەوخۆ سەرۆک و سەرکرادیەتی دەستلەکارئەکێشنەوە. خانەی ڕاپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی و کۆی ژوورەکان شکۆی بزوتنەوەی گۆڕان بپارێزن و بەرپرسیاریەتی هەڵگرن و دەستلەکاربکێشنەوە، نەک تەنها داوای لێبوردن بکەن.
دەست لەکارکێشانەوەی ڕێکخەرو خانەی ڕاپەڕاندن نیوەی ڕێگایە بەرەو هەڵسانەوە، ئەوان بەکردار بەو کارە هەستان، ئەوەش ڕێچکەشکێن و ئازایانە بوو. ئێستا کاتی ئەوەیە بزوتنەوەکە بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان و کێشەی موڵکداری گردەکە و کۆمپانیات ووشەش بات، هاوتەریب دڵسۆزانی گۆڕان و هەموو هەڵسوڕاو گۆڕانخوازە زویرەکان بەکردار هەنگاوبنێنن بۆ ژیانەوەی ئەو بزوتنەوەیە.
کات هاوکارنییە ئەگەر خەمخۆرە زویرەکانی ئەو بزوتنەوەیە ئێستا هەنگاونەنێنن بۆ بوژانەوەو ژیانەوەی بزوتنەوەکە، ئەوا دوورنیە بزوتنەوەکە بەهەمان کەرەستەی پێشووی بەردەست، دەست بە بیناکردنەوە بکاتەوە، بەڵام نە کەرستەی پێویست بەردەستەو نە وەستای کارامەی جۆراجۆر بۆ دروستکردنەوە و بنیاتنانەوە، چونکە سەلمێنرا گۆڕان پێویستی بە هەموو ئەوبیروڕا جیاوازانە هەبوو بۆ پایەکانی هەیکەلەی بزوتنەوەکە.
بەرنامەو پەیڕەوی گۆڕان تا ئێستاش باشترینە، ئەگەرچی زۆریش کۆپی کراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە خەڵکيکە توانای هەڵگرتنی ئەوبارە قورسەی هەبێت وەک کاک نەوشیروان.

نۆیەم:
پەیامی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ناڕازییەو بەرەی بایکۆت یەکەمە، کە ڕێژەکەی ٪٥٥ زیاتر بووە، واتە دەنگی بەرەی بایکۆت بەتەنها لە هەموو حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەورەترە و تەنها پێویستی بەسەرکردایەتیەکی هۆشیار هەیە بتوانێ خواستەکانیان جێبەجێ بکات و بیانهێنێتەوە سەر سندوقی دەنگدان.

دەیەم:
شکستەکەی گۆڕان تەنها هەڵەی سەرکردایەتیەکەی نیە، بەڵکو هەڵەی کۆی سیستمی سیاسی هەرێمە کە هەمیشە گەورە بچوک ئەخوات و هێز زاڵترە لە مەنتق.
پەیکەری ڕێکخراوەیی هەرێمی کوردستان و عێراق تێکشکاو بێ فەڕە، لەبەرژەوەندی زلهێز و خاوەن دەسەڵاتا ئەڕوات بەڕێوە، بۆیە کاتێک حیزبێک ئەتوانێ باس لەسەرکەوتن بکات کە کۆی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە بخایە ژێر پرسیارەوە و لە ئەلفەوە بۆ یای بگۆڕێ.
بەڵگەش ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق ق هەرێمی کوردستانیش بەبایکۆت و دەنگ سوتان وەڵامی کۆی حیزبەکان و سیستمی سیاسی وڵاتیاناوەتەوە.
کاتێک زۆرینە ئەگەڕێنەوە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن کە هێزێک هەبێ لە هیچ یەکێک لەم حیزبانەی ئێستا نەچێ، سەرلەبەری مۆدێلی سیاسی و دەوڵەتداری بێلایەنانە داڕێژێتەوە، هاوڵاتی سەنتەربێ، ئاین و حیزب لە دەوڵەت جیاکرێنەوە، بنەماڵە و خێزانەکان لە خاوندارێتی حیزب دوورکەونەوە، دەسەڵات بۆ گەل بگەڕێنرێتەوە، زیندانی سیاسی نەمێنێ و ڕەتکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button