حکومەتی هەرێم نەمامگەکان دەدات بە کەرتی تایبەت

لڤین:
ژمارەیەک لە رێكخراوەكانی ژینگە دژی بڕیارێكی حكومەت ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەکەن بڕیاری بە ئەهلی کردنی نەمامگە حكومییەكان رابگیرێت.
ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە هاوبەشی چەند رێکخراویکی ژینگەیی رایگەیاند: وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رەزامەندی دەربڕیوە بە پێدانی نەمامگە حكومییەكان بە كەرتی تایبەت و بەوەش حكومەت بە خواستی خۆی زیان لە ژینگەی هەرێم دەدات.
ئەوان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئاشکرایان کرد کە ئەو بڕیارە زیان دەدات لەوەی هاوڵاتیان نەمام بڕوێنن و دەڵێن هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نرخی نەمام بەرزدەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ ڕێگرتن لەو بڕیارە رێكخراوەكانی ژینگە پەنا دەبنە بەر دادگا و لە داواكاری گشتی سلێمانی لەسەر ئەو بابەتە سكاڵا لە حكومەت تۆمار دەكەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ساڵیک دەبێت ئەم بڕیارە هەیە، ژمارەکەیان لە هەولێر٥ نەمامگە و لە سلێمانی ٦ نەمامگە و لە دهۆک ٤ و لە هەڵەبجە و گەرمیان هەریەکەیان یەک نەمامگە و باخێکی زەیتونیش هەیە.