پارتی: شەڕی پەکەکە دژی پێشمەرگە و دامەزراوە شەرعییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە

لڤین:
دەزگای رۆشنبیری پارتی وەڵامی مستەفا قەرەسوو دەداتەوە و دەڵێت شەڕی پەکەکە دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیی و دامەزراوە شەرعییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە دەداتەوە و دەڵێت: وەك عادەتی هەمیشەیی سەرانی پەكەكە، دەیەوێت هەڵاتنی پەكەكە بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان و شەڕفرۆشتنەكانیان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و یاساشكێنیەكانیان، بە ناكۆكیی ناوخۆیی و شەڕی خۆیان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناوبێنێت.
لە راگەیەندراوی دەزگاکەدا هاتووە: گەنجانی كورد بەناوی مافی كورد و كوردستانەوە لەخشتەدەبەن، كەچی لە پێناو مەرامگەلێكی ئایدیۆلۆجی عەنتیكەدا شەڕیان پێدەكەن و بەكوشتیان دەدەن.
لە وەڵامەکەی پارتیدا بۆ قەرەسوو، ئەوە هەرێمی كوردستانە بە ئاشكرا دژی هەر داگیركارییەكە و بۆچوونی فەرمی خۆی بە دەنگی بەرز و بێ چەند وچوون بە هەمووان راگەیاندووە، ئەمەش مافێكی رەوایە. ئەوە پەكەكەیە لەو شوێنانەی بۆیان هەڵدێت، لەگەڵ ئەوەی هیچ مافێكی لەو شوێنانە نییە مافی پەنابەریی نەبێت، كەچی وەك داگیركار هەڵسوكەوت لەگەڵ خاك و خەڵكەكەیان دەكات.
دەزگای رۆشنبیری پارتی دەشڵێت “سەرانی پەكەكە و هەموو دنیاش دەزانن، بوونی پەكەكەیە بووەتە پەردەیەکی ناشرین بۆ داگیركارییەكی ناڕەوا. مەعلوومیشە، تاكە رێگەچارە بۆ لادانی ئەو پەردەیە لەسەر ئەو ناڕەوایەتییە، نەمانی پەكەكەیە لەو شوێنانە و كۆتایهێنانە بە گێچەڵ و شەڕفرۆشتنەكانی بە خەڵكی كوردستان”.
ئەوەشی وتوو “حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جووڵەپێكردن و جێگۆڕكێی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمنییەكان، مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرێت، ئەوە سەرانی پەكەكە و چەكدارەكانیانن كە پێویستە رێزی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بگرن”.
دەشڵێت “وەك ڕۆژی ڕووناک دیارە كە شەڕی ئەوان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیی و دامەزراوە شەرعییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بوونیان لە مەتین و گارە و بەرواری و باتیفا و شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییان بە (دیموكراتیزەكردنی) ئەم وڵات و ئەو وڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و (برایەتی گەلان)ەوە نییە”.