ئاگرێکی گەورە لە مۆبیلیاتێکی هەولێر کەوتەوە

لڤین:

ئاگرێکی گەورە لە مۆبیلیاتێک لە شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر کەوتەوە و دوای ماوەیەک لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.

کەمێک پێش ئێستا ئاگر لە دوکانێکی مۆبیلیات لە شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر کەوتەوە و بەھۆیەوە تەواوی کەلوپەلەکانی ناو دوکانەکە سووتا و زەرەر و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.

دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ”ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و تەنیشتی شوێنەکە شوێنی بازرگانییە و پشتی شوێنەکەش ماڵی ھاوڵاتییانە و تەرکیزی تیمەکان لەوە بوو کە ئاگرەکە نەپەڕێتەوە بۆ ماڵەکان و توانرا کۆنترۆڵ بکرێت، لێکۆڵینەوەکان دەست پێ دەکەن بۆ ئەوەی ھۆکارەکەی بزانرێت”.

نەبەز عەبدولحەمید وتیشی: ”ئێمە پێشتریش ھەڵمەتێکمان بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان راگەیاندووە و کەمتەرخەمی لە شوێنەکان ھەیە و داوایان لێ دەکەین کە پابەندی رێنماییەکان بن و ھەر کەسێک جێبەجێیی نەکات تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە و ئێستا سەرقاڵی بڕینی کارەبای زێدەڕۆیین کە مەترسی لەسەر ئاگرکەوتنەوە ھەیە”.

هاوکات سەرکەوت كاڕه‌ش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی: ”کاتژمێر 11 و 35 خولەک ئاگادارکراینەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە و تیمەکانمان بەرەو شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کەوتنەڕێ، بەڵام بوونی ترافیک لایتی ئیسکان کە جەنجاڵییەکی زۆری ھەبوو، بووە ھۆی دواکەوتنی تیمەکانی ئێمە، ھەروەھا تیمەکان زیاتر تەرکیزیان خستە سەر ماڵەکان بەھۆی ئەوەی پەیوەندییەکی زۆرمان بۆ ھات لەلایەن دەورووبەری شوێنەکەوە کە مەترسی لەسەر گیانی ھاوڵاتییان دروستبووە”.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button