دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکرێت

لڤین:
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایگهیاند، ڕۆژی سێ شەممە دەست بەوەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ههرێم دهكرێت.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ ئاگادارکراین کە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بکرێت لەهەرێمی کوردستان بەپێی ئەوپلانەی کە دانراوە بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم راشیگەیاند: هەر بۆیە داوا لە سایلۆکان کراوە کە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٦/٢٢ وەک یەکەم ڕۆژی دەست پێکی وەرگرتنی گەنم لە سەرجەم سایلۆکانی هەرێم ڕادەگەیەنرێت و داواش لەجوتیاران دەکرێت پابەندی ڕێکارە کانی دیاری کراوبن بۆ گەیاندنی گەنمەکانیان بەسایلۆکان.
بە گوێرەی ئەو نرخانەی وەزارەتی بازرگانی عێراق مانگێک پێش ئێستا دیاریکردبوو، گەنمی نمرە یەك بە 610 هەزار دینار وەردەگیرێت بۆ هەر تەنێک، گەنمی نمرە دوو 530 هەزار دینار وەردەگیرێت و گەنمی نمرە سێ بە 470 هەزار دینار وەردەگیرێت.
لە رۆژی 6ی ئەم مانگەش وەزارەتی کوشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، بە فەرمانێکی وەزاری نرخی گەنمی جوتیارانی دیاریکرد و وتبووی گەنمی نمرە یەک هەر تۆنێکی بە 475 هەزار دینار وەردەگیرێت و گەنمی نمرە دوو بە 400 هەزار دینار و گەنمی نمرە سێ بە 325 هەزار دینار.