بۆ ئازادکردنی سزادراوانی بادینان چالاکوانانی هەڵەبجە گردبوونەوە

لڤین:

دژی بڕیاری سزادانیان و بۆ ئازادکردنی سزادراوانی بادینان، ژمارەیەک لە چالاکوانانی هەڵەبجە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزاندا گردبوونەوە.

هاوشێوەی ڕانیە و گەرمیان، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکوانانی هەڵەبجە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزاندا، بە بەرزکردنەوەی دروشم لە ناوبازاڕی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوای ئازاد کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینانیان کرد.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە دۆسیەی ئەو سزادراوانە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ دروست بووە و پێویستە بە بڕیاریی تاکلایەنانەی دەسەڵاتی سیاسی سیمای کورد لەکەدار نەکرێت و گیراوەکان ئازادبکرێن.

محەمەد حەمەڕەزا، بەناوی چالاکوانەکانەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئەمڕۆ مەراسیمی جەژنمان هێنایە ئێرە و و سڵاوی خۆڕاگیری بۆگیراوانی بادینان دەنێرین، دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە لە کاتێکدایە دەیان پیاوکوژ و ئەنفالچی و ستەم کار لە دەسەڵاتی کوردیدا جێگەی کراوەتەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتی کوردی و گوێنەگرتن لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، مەترسی گەورەن لەسەر دەسەڵاتی کوردیی و ڕۆژێک دێت ئەوانەی ئەوانیان دەستگیرکردوە دەبێت دادگایی بکرێن”.

هاوکات سۆران حەسەن یەکێکی تر لە چالاکوانەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە “هیچ بیانویەک نییە بۆدەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە و داوا لە نەتەوەیەگرتووەکان دەکەین، هەوڵی جدی بدات بۆ ئازادکردنیان و دواین داواکاریشمان بۆ دەسەڵاتی دادوەری کوردستان ئەوەیە پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەستگیرکراوەکاندا بکات و ئەوانە ئازدا بکات، کە بە بێ بەڵگە دەستگیر کراون” .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button