هۆشداری لە کڕینی ئەم نوقڵ و چکلێتانە دەدرێت

لڤین:

قائیمقامیەتی سلێمانی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ڕایگەیاندووە، ” دەست بەسەر بڕێک شیرینی ماوەبەسەرچودا دەگرێت کە بەشێوەی هەڵڕژاو بەسەر هاوڵاتیاندا ساغکراوەتەوە، سەرۆکی لیژنەکانیش وشیاری دەدات”.

لەشکر حەمید سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی،ئاشکرای کردووە، ”بەدواداچون بۆ ئەو نوقڵ و شیرینیانە کراوە کە بەشێوەی هەڵڕژاو لە دوکانەکان و دەستگێڕەکان بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت و دەرکەوتووە بەشێکی ماوەی بەکارهێنانیان بەسەرچووە و شیاوی خواردن و بەکارهێنان نین”.

لەشکر حەمید ئاماژەی بەوەیشداوە، “بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی ماوەیان بەسەر دەچێت پێکهاتەیان دەگۆڕێت بۆ ماددەی زیانبەخش و زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت”.

جێگەی ئاماژەی پێدانە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات، لەکاتی بازاڕکردن و کڕینی پێداویستی رۆژانە بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی بدەن و ئەو نوقڵ و چکلێتانەی بەهەڵڕژاوی دەفرۆشرێن مەکڕن.

قائیمقامیەتی سلێمانی وتووشییەتی، لەکاتی هەبوونی گومان لە رێگەی ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەکانەوە بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” لەهەر شوێنێک دەست بەسەر خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەرچودا بگیرێت دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button