پەکەکە دانپێدانانی پێنج کەسی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە

لڤین:
میدیای پەکەکە دانێدانانی پێنج کەسی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەستگیرکراون و تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ڕێی دەزگای پاراستنی پارتی و ئاسایشی ئەو حزبەوە کاری سیخوڕیان بۆ میت پێکراوە.
ئەو کەسانەی پەکەکە دانپێدانانەکەی بڵاوکردونەتەوە کارین لە سنوری دەسەڵاتی پەکەکە بووە و ئاماژە بەوەدەکەن کە گوشاریان لێکراوە بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر شوێن و ژمارە و ناو ژمارەی گەریلاکانی پەکەکە و ناوی بەرپرسەکان کۆبکەنەوە.
ئەو کەسانە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و دانپێدانانەکەیان کە بڵاوکراوەتەوە شێوازی دەستگیرکردن و وردەکاری شێوازی کارەکانیانی تیادا بڵاونەکراوەتەوە.
یەکێک لەو کەسانەی دانپێدانانی بڵاوکراوەتەوە ناوی عەبدوڵا خدرە و خێزاندارە و یەکێکی دیکەشیان ناوی قارەمان عەبدوڵایە و خەڵکی گوندی بۆکریسکانە و تەمەنی ٢٠ ساڵە و یەکێکی دیکەش لە دەستگیرکراوەکان ناوی توانا حاجییە و خەڵکی گوندی پردەشاڵە و تەمەنی ٢٦ ساڵە، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی دەستگیرکراوە خەڵکی بەستۆرەیە و ناوی یوسف عەزیزە تەمەنی ٢٤ ساڵە و دەستگیرکراوێکی دیکەش ناوی عەگید تەهایە تەمەنی ٣٢ ساڵە و لە تۆپزاوە لەدایک بووە.
بەگوێرەی ئەو دانپێدانانە ئەو کەسانە گوشاریان لێکراوە بۆ ئەوەی زانیاری بگوێزنەوە بۆ میت و پاراستنی پارتی، یەکێکیش لەو کەسانەی دانپێدانانەکەی بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات دەستدرێژیکراوەتە سەری و کێشیانداوە.