پوتین واژووی لەسەر یاسای لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا بە رووسیاوە کرد

لڤین:

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین واژووی لەسەر یاساکانی پەیوەندیدار بە لکاندنی ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە رووسیاوە کرد.

کۆشکی کرملین رایگەیاند، پوتین واژووی لەسەر یاساکانی پەیوەندیدار بە لکاندنی ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە رووسیاوە کردووە.

بەپێی ئەم یاسایانە دانیشتووانی ئەم ناوچانە دەبن بە هاووڵاتیی رووسیا.

پوتین هەروەها لە رێگای واژووکردنی ژمارەیەک بڕیارنامەوە، سەرۆک و فەرمانڕەوای کاتی بۆ ئەم ناوچانە داناوە بەم جۆرە؛ دەنیس پوشیلین وەک سەرۆکی کاتی بەناو کۆماری میللیی دۆنێستک، لیۆنید پاسەچنیک وەک سەرۆکی کاتی کۆماری میللیی لوهانسک، ڤلادیمیر ساڵدۆ وەک فەرمانڕەوای کاتی ناوچەی خێرسۆن و ئەڤگەنیی بالیتسکیی وەک فەرمانڕەوای کاتی ناوچەی زاپۆریژییا داندراون.

سەرۆکی رووسیا بەڵگەکانی پەیوەندیدار بە لکاندنی ئەم چوار ناوچەیەی ئۆکراینا بە رووسیاوە لە ٣٠ی ئەیلوولدا واژوو کرد.

دوما کە باڵی خوارەوەی پەرلەمانی رووسیایە لە سێی تشرینی یەکەم لکاندنی ئەو چوار ناوچەیەی بە رووسیاوە پەسەند کرد و ئەنجوومەنی فیدراڵیش کە باڵی سەرەوەی پەرلەمانی رووسیایە، دوێنێ رەزامەندی لەسەر یاساکان دەربڕی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button