پارتی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە

لڤین

پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرامبەر هەڵوێستەكانی ئەم دوایەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لایەنەكانی دیكە لە پلانیدایە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژنەكاتەوەو پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری بوار نیوز، ئەوەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و ژمارەیەك فراكسیۆنی دیكەی نێو پەرلەمانی كوردستان داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، كە بەهۆیەوە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ماوەی دوو مانگە پەكخراوە و نەتوانراوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی هەرێم كارابكرێتەوە لە ئێستاشدا پارتی دەیەوێ لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی لایەنەكان هەنگاوی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بگرێتە بەر.
هەروەها، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوانەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەدژی پارتی و پێكهاتەكان گرتوویەتانە بەر فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان نایەوێ تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژ بكاتەوە و پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە بەپێی یاساش راستەوخۆ دواتر دەبێ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
هەربەپێی زانیارییەكان، پارتی لە ئێستادا چاوەڕێی هەڵوێستی فراكسێونەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام ئەگەر لایەنەكان هەر سووربن لەسەر داواكارییەكانیان ئەوا دوای جەژنی رەمەزان پارتی بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت و یەكێك لە هەنگاوەكانیشی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستانە تاوەكو یەكێتیی و لایەنەكان بهێنێتە ژێر باری داواكارییەكانی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button