پیلان و سیناریۆ مەترسیدارەكانی توركیا و پارتی ئاشكرابوو

لڤین:
پارتی و توركیا سیناریۆی هاوبەش و مەترسیداریان داڕشتووە بۆ ڕەوایەتیدان بە هەڵگیرساندنی شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان ”پەكەكە”.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز نزیک لە بە پەكەكە بڵاویانكردووەتەوە، دوای ئاشكرابوونی سیناریۆی هاوبەشی توركیا و پارتی بۆ ئەوەی “پەكەكە” بە تێكدانی ئاسایشی هەرێم تۆمەتباربكەن، هەر زوو پیلان و سیناریۆكەیان هەڵوەشایەوە، ئێستا بە سیناریۆی جیاوازتر دەیانەوێت بڕوا بە ڕایگشتی بهێنن و ڕەوایەتی بە شەڕ دژی پەكەكە بدەن.
بەپێی پیلانەكە ئامادەكاری كرابوو كە سەربازانی توركیا بتوانن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بچنە ناوچەكە و دواتر تەقینەوەیەك ئەنجامبدرێت و سێ ئەفسەری باڵای پێشمەرگە بكوژرێن، یەكێك لەو كەسانەش ئەفسەرێكی پاراستنە، كە لەسەر مێزی پەكەكە كاردەكات و لە دەزگای پاراستن، ئەفسەری دووەمیش لە هێزەكانی زێرەڤانییە.
بەپێی سەرچاوەیەك كە بە ڕۆژ نیوزی نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی توركیا و پارتی سیناریۆكان جێبەجێبكەن، چوار تیمی تایبەت پێكهێندراون، كە تیمێكیان 15 كەس بوون لە هێزەكانی زێرەڤانی و چەكدارانی ڕۆژ بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییانە كە بارەگاكەیان لە بنەسڵاوە بووە، هەروەها تیمێكی دیكە لە ڕێگای ئامێری (جی پی ئێس) جێگیركراون، تیمێكی دیكەش لەگەڵ هەواڵگریی توركیا پێكهێندرابوون، تیمی چوارەمیش لە خەڵكی مەدەنی پێكهێندراون بەناوی “لاوانی ئاسایش”ــەوە.
بەوتەی میدیاكانی نزیک لە پەكەكە، ئەنجامدانی هێرشەكان لەلایەن ئەفسەرێك بەناوی “لۆركان موستاح”ــەوە سەرپەرشتیكراوە كە خەڵكی شاری موسڵ بوو، بەپێی ئەو نەخشەیەی دارێژراوە، پیلانی دووەمی پارتی و توركیا داخستنی ڕێگای سەرەكیی كانی ماسی بووە، ئەوەش بۆ ڕێگریكردن لە جموجوڵی هەپەگە و كۆنترۆڵكردنی ڕێگای كانی ماسی، چیای مەتینا بووە.
هەروەها میدیاكە بڵاویكردووەتەوە، شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، كە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی چەك و تەقەمەنی و كڵاوی خۆپاراستن لە گازی كیمیایی بڵاوكردووەتەوە، “گوایە كەسێك ویستوویەتی بیگەیەنێتە دەست پەكەكە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدەن”.
پێشتر چەند پیلانێك دانرابوون وەك ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لەوانە:-
یەكەم: كوشتنی هەندێك پێشمەرگەی پارتی
دووەم: تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم – توركیا
سێیەم: تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەكی مەدەنی لە نزیك ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە و بەوەش دەیانەوێت ڕایگشتیی بەلاڕێدا ببەن و ڕەوایەتی بە هێرشكردنە سەر پەكەكە بدەن.
توركیا خۆی بۆ ئەو هێرشە ئامادەكردووە و بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئامادەكارییەكانیان بەم شێوەیە بووە:-
یەكەم: گۆڕەپانی شەڕ و دەوروبەری بۆردومان بكرێت.
دووەم: هەندێك جۆری تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی بدرێنە هێزەكانی پارتی
سێیەم: پشتگیریی هێزی زەمینی بكرێت.
چوارەم: بۆ دانانی هەماهەنگی لەنێوان هێزی زەمینی و ئاسمانی، ژوورێكی ئۆپەراسیۆن لە هێزەكانی پارتی و توركیا پێكبهێندرێت بۆئەوەی لەنزیكەوە چاودێریی شەڕەكە بكەن.