بارزانی: هەنگاوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە

لڤین: 
سەرۆکی پارتی سوپاسی ئەو لایەنانەی کردووە کە پابەندی بەڵێنەکانیان بوون و دەڵێت، ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە.
مه‌سعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند “هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوو جێگرەكەی هەنگاوێكی گرنگی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بوو و، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزان محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و حاكم زاملی و شاخەوان عەبدوڵا دەكەم”.
بارزانی دەشڵێت “ئەم هەنگاوە دەستپێكێكی زۆر باشە بۆ ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسی و بنەمایەكیشە بۆ دامەزراندنی داهاتوویەكی گەش و سەقامگیر و پتەوتركردنی دیموكراسی و شەراكەت لە عێراقدا”.
سەرۆکی پارتی سوپاسی هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی کردووە “كە پابەندی بەڵێنی خۆیان بوون و بوونە هۆكاری سەركەوتنی پڕۆسەكە”.
بارزانی دەشڵێت “ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێكتێنەگەییشتنەكان. دەروازەیەكیش دەبێت بۆ دروستبوونی متمانەی نێوان پێكهاتەكان و ڕەگ داكوتانی دەوڵەتی موئەسەسات”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button