رێکخەری ژووری حکومەتی گۆڕان: تیمەکانمان لە حکومەت تا دوا بڕیاری بزوتنەوەکە بەردەوام دەبن

لڤین:
رێكخەری ژووری حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات، تیمەكانیان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتە خۆجێیەكان ت دوا بڕیاەی بزوتنەوەکە بەردەوام دەبن و ناكشێنەوە.
لە رونکردنەوەیەکدا کە رێکخەری ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 و دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە بەشێک لە کۆڕ و کۆبونەوە حزبی و جەماوەرییەکاندا، و بە تایبەت لە سۆشیال میدیا و ناوەندە میدیاییەکاندا قسەو باسێکی زۆر لەسەر هۆکار و ئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان کراو لەم چوار چێوەیەدا مەبەست و بێ مەبەست ڕووی قسە و ڕەخنەکان لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە (خانەو جڤاتەکان) و تیمیەکانی حکومەت (هەرێم، خۆجێی)یە.
دەشڵێت، سەبارەت بە تیمەکانمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە تا ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حکومەتدا یان کشانەوە، هاوڕێیانمان لە حکومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن و ئەرکی فەرمی بەڕێوەدەبەن، هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا ئەوا تیمەکانمان پێوەی پابەند دەبن.
دەقی رونکردنەوەکە:
رونکردنەوەیەک لە لە ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 و دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە بەشێک لە کۆڕ و کۆبونەوە حزبی و جەماوەرییەکاندا، و بە تایبەت لە سۆشیال میدیا و ناوەندە میدیاییەکاندا قسەو باسێکی زۆر لەسەر هۆکار و ئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان کراو لەم چوار چێوەیەدا مەبەست و بێ مەبەست ڕووی قسە و ڕەخنەکان لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە (خانەو جڤاتەکان) و تیمیەکانی حکومەت (هەرێم، خۆجێی)یە.
بێگومان چەندین هۆکاری بابەتی و خودی لە پشت ئەم ئەنجامە خراپەوە بوون، سەبارەت بە ئەندامانی بەڕێزی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەکان وەک ئاشکرایە هەر زوو ئەندامانی خانە و بەڕێز ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دەستیان لە کارکێشایەوە، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەستەیەکی کاتیدایە بۆ سەرکردایەتی کردنی بزوتنەوەکە.
سەبارەت بە تیمەکانمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە تا ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حکومەتدا یان کشانەوە، هاوڕێیانمان لە حکومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن و ئەرکی فەرمی بەڕێوەدەبەن، هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا ئەوا تیمەکانمان پێوەی پابەند دەبن.
ڕێکخەری ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان.