لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب هونەرمەندێک لە سلێمانی دەستگیر دەکرێت

لڤین:
ماوەی چەند ڕۆژێكە هونەرمەندی شێوەكار بەختیار سەعید لەشاری سلێمانی، دەستگیرکراوە،بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیرییو هونەری سلێمانییش دەڵێت لەسەر سکاڵای ئێمە دەستگیرکراوە.
لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەكاری سەربەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆژشنبیریی سلێمانی، لەبەرامبەر ئەوەی ئەو هونەرمەندە چاپی دووەمی بۆ دوو كتێب كردوەو بەشێكی بەخۆرایی دابەشكردوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەختیار سەعیدی شێوەکار دەستگیرکراوە.
لەڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیرییو هونەری سلێمانی دەڵیت “لە لایەن بەڕێوبەرێتی هونەری شێوەكارییەوە سكاڵا لەسەر (بەختیار سەعید) تۆماركراوە، بەڵام بڕیاری ڕاگیرانی لەلایەن بەڕێز دادوەرە دەرچوەو دەسەڵاتی ئێمەی تێدانییە، ئێمەش لەو ڕوەوە نیگەرانین كە بەڕێزیان بۆ ماوەیەكی زۆر ڕاگیراون”.
دەقی ڕونکردنەوەکە:
ڕونکردنەوەو وەڵامێک بۆ ڕزگار سەعید
بەڕێزتان سەبارەت بەكێشەی بەڕێز (بەختیار سەعید) نامەیەكی كراوەتان، ئاراستەی بەڕێز (وەزیری ڕۆشنبیرییو لاوان) كردوە، بەڵام كێشەكە كە كێشەیەكی یاساییە، پەیوەندیی بەبەڕێز (وەزیری ڕۆشنبیرییو لاوان)ەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بەبەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە هەیە، چونكە بەڕێز (بەختیار سەعید) فەرمانبەری ئێمەیە، بۆیە ئەم ڕونكردنەوەیەمان بەپێویست زانی.
دوای ئەوەی لەساڵەكانی (2010)و (2013) بەڕێز (بەختیار سەعید) دوو كوراسەی تایبەت بەهونەرمەندان: (بەدیع بابا جان)و (ئازاد شەوقی) ئامادەكردو لەبەڕێوەبەرێتی هونەری شێوەكاریی كە سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتیمانە، چاپی یەكەمیان بۆكرا، مافی چاپ بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیرییو لاوان پارێزرا، بەڵام بەڕێزیان ئەو مافەیان پێشێلكردو چاپی دوەمیان بۆ سەنتەری مارگرێت كرد كە نەدەبوو ئەو پێشێلكردنە ڕوبدات.
بۆیە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەكاریی، سكاڵایان لەسەرتۆماركرد، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی بەڕاپۆرتی ژمارە (49) لە3ى 4ى 2016 هاتنە ناو كێشەكەوەو لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهات، چەندجارێك (بەختیار سەعید) بانگكراو جگە لەو مەسەلەی پێشێلكردنی مافی چاپە، داوای بەڵگەكانی لێكرا كە كوراسەكان چۆن دابەشكراون، بەڵام بەڕێزیان بەڵگەی پێویستیان ئامادەنەكرد، بۆیە دواجار دادگا هاتە ناو كێشەكەوە.
بۆ بەرچاوڕونی بەڕێزتانو هەمولایەك، ڕاستییەكانی كێشەكە، بەمشێویەن:
كوراسەی (بەدیع بابا جان) كە (2000) دوو هەزار دانەی لێ چاپكراوە، (1036) دانەیان لەلایەن بەڕێز (بەختیار سەعید)ەوە وەرگیراوە، بەڵام تەنها بەڵگەی (400) چوار سەد دانەیان هێنراوەتەوە. واتە (636) شەش سەدو سیو شەش، دانەیان بەڵگەی دابەشكردنیان دیارنییە.
كوراسەی (ئازاد شەوقی) كە (1500) هەزارو پێنج سەد دانەی لێ چاپكراوە، هەموی لەلایەن بەڕێز (بەختیار سەعید)ەوە وەرگیراوە. بەڵگەی دابەشكردنی (240) دانەیان هێنراوەتەوە، بەڵام بەڵگەی دابەشكردنی (1260) دانەیان دیارنییە.
ڕاستە لەلایەن بەڕێوهبەرێتی هونەری شێوەكارییەوە سكاڵا لەسەر بەڕێز (بەختیار سەعید) تۆماركراوە، بەڵام بڕیاری ڕاگیرانی لەلایەن بەڕێز دادوەرە دەرچوەو دەسەڵاتی ئێمەی تێدانییە، ئێمەش لەو ڕوەوە نیگەرانین كە بەڕێزیان بۆ ماوەیەكی زۆر ڕاگیراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیرییو هونەری سلێمانی