حکومەتی هەرێم بۆ پەکەکە بە پشتیوانی کۆچبەران تۆمەتبار دەکات؟

لڤین: شیکاری

حکومەتی هەرێم دەیەوێت ناوی پەکەکە بەکار بهێنێت بۆ پاککردنەوەی ناوی خۆی کە گوشار دەکاخاتە سەر ئازادی بیروڕا، لە چەند پەیامێکی جیاوازدا بە وڵاتانی ئەوروپی دەڵێت ئەو کۆچبەرانەی دەڵێن کێشەی ئازادیان هەبووە خەڵکانی پەکەکەن.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە خەڵکێکی زۆر لە وڵاتی بیلاروسیاوە ڕوو دەکەنە پۆڵەندا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، واتە هەرکەسێکی هەرێمی کوردستان کە کۆچی کردووە، جارییەکەم لە عێراقەوە کۆچی کردووە بۆ وڵاتی تورکیا یان وڵآتێکی عيرەبی لەوێوە بە فڕۆکە ڕووی لە وڵاتی بیلاروسیا کردووە.

دوای گەیشتن بە بیلاروسیا، بە هۆی دراوسێیتی هەریەکە لە وڵاتەکانی لاتیڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا کە هەر سێکیان وڵاتی ئەوروپین ئەو کەسانەی دەیان ویست بگەنە وڵاتانی ئەوروپی بە رێگایەکی قاچاخدا دەگەیشتنە سنوری ئەو وڵاتانە و لەوێشەوە رویان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە دەکرد.

هەرچەندە لەگەڵ رۆشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بیلاروسیا گوشارەکانی سەر ئەو وڵاتە زیادی کرد و لە ئێستا رێنادرێت هاوڵاتیانی عێراقی سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

رۆشتنی ئەو هەموو هاوڵاتیەی هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی خستووەتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە و لەبەرامبەر وڵاتانی جیهان و ئەوروپادا هەر بۆیە رووی لە دۆزینەوەی بەهانە کردووە بۆ ناوخۆی هەرێمی وردستان و بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

ناوهێنانی پەکەکە بۆ ئەوەی کە هۆکارە بۆ کۆچی گەنجان کارتێکی باوەڕ پێنەکراوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بۆ ئاستی ئەوروپاو نێودەوڵەتی کارتێکی زۆر ژیرانەیە کە دەتوانێت تۆزێک لەو دۆخە شەرمەزارکەرەی لە لای وڵاتان کەم بکاتەوە.

بۆیەکەمجار ناوهێنانی پەکەکە لە کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستاندا لەلایەن پێشەوا هەورامانی پەرلەمانتاری پارتی بوو کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت وتی چۆڵکردنو ڕێنەدان بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە 300 گوند یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجان.

دواتر رۆژی 10.11.2021 سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کۆبوونەیەک لەسەر دیاردەی کۆچ و دۆخی کۆچبەران لە نێوان سنورەکانی بێلاڕوسیا و پۆڵەندا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخرا. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وتەبێژی حکومەتدا وتی: پەکەکە هۆکارە بۆ کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.

دوای ئەوە کۆمیتەی پەیوەندیەکانی پەکەکە وەڵامی دایەوە و بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وتی: سەفین دزەیی لەجیاتی ئەوەی ڕاستییەکان ببینێت، بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و شەرمەزارییەکانی دەسەڵاتی پارتی دەمدرێژیی دەکاتە سەر تەڤگەری پەکەکە.

ناکۆکی نێوان ئەو دوو لایەنە لەوێدا کۆتایی نەهات هەر بەزوو وەفدێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە بەنزیک لە پەکەکە ناوی دەهێندرێت لەگەڵ وەفدێکی کۆمەڵگەی جڤاکی دیموکراتی کوردان لە ئەوروپا چونە سنورەکانی پۆڵەندا لەوێوە داوایان لە خەڵکی کورد کرد نەچن و دۆخەکە مەترسیدارە.

دۆخی کۆچبەران کە دەڵێن لە تاو نەبونی ئازادی و قەیرانی ئابوری و نەبونی دادوەری ڕویان لە ئەوروپا کردووە حکومەتی هەرێمی روبەروی دۆخێکی خراپ کردووەتەوە و وێنای خۆی کە بەجوانی لەلای ئەو وڵاتانە وڕێکخراوەکان نەخشاندبونی پرسیاری لەسەر دروست بووە هەر بۆیە لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگا چارەی دەربازبونە لەو دۆخە.

ئێوارەی 14.11.2021 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا دەڵێت: بەشێک لەو هاوڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێک قاچاغچی و هەندێ کۆمپانیای گەشتوگوزار و هەندێک بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنە روو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو وڵاتانە بەهێزتر بکەن.

جگە لەوەش هاوکاتی ئەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتەر ڕایگەیاند : هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا لە سەر سنورەکانی یەکێتی ئەوروپادان. باشکردنی بارودۆخیان، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی هه‌موومانه‌. ئه‌وان له ‌لایه‌ن قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ و چه‌ند تۆڕێكی ده‌ره‌كی فریودراون.

بەشێک لەوانەی کە کۆچیان کردووە هیچ ئاراستەیەکی سیایسان نییە و تەنها بەدوای ژیانێکی باشتر دەگەڕێن، بەڵام ئەوانەی کە کۆچ دەکەن و باگراوندی سیاسیان هەبێت خەڵکانێکی ناڕازینو قسە بە حکومەت و هێزە دەسەڵآتدارەکانی هەرێم دەڵێن، هەر ئەمەش هاوکارە بۆ ئەوەی حکومەتی هەریم پەکەکە تۆمەتبار بکات.

حکومەتی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سود لەوە دەبینێت ئەو کۆچبەرانە وەک لایەنگری پەکەکە وێنا بکات بە هۆی ئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەوروپادایە، ئەو وڵاتانە ناچار دەکات کە ڕەخنەی ئەو هاوڵاتیانەی دەڵێن لەبەر ئازادی رۆشتوون پرسیاریان لەسەر دروست بکات، چونکە هەر ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادی بیروڕا گیراون و سزا دراون تۆمەتی کارکردن بۆ پەکەکەیان دراوەتە پاڵ.

حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەو تۆمەتبارکردنەی پەکەکە شەرعیەت بداتە ئەوەی کە ئەو کەسانە لەبەر ئەوەی پشتیوانی پەکەکەیان کردووە بۆیە لە هەرێمی کوردستاندا رێگری لە ئازادیەکانیان دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button