بەفربارین روو لە ناوچەکە دەکات

لڤین:
بە گوێرەی پیشبینی شارەزایەکی کەشناسی هەرێمی کوردستان ئەگەری بەفر بارین لە چەند ناوچەیەکی ئێران و تورکیا هەیە و ئەگەری بارانبارینیش لە ناوچە شاخاویەکانی هەرێم هەیە.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە لە بەشێكی چیاکانی باکوری کوردستان و باکوری تورکیا و باکوری ئێران ئەگەری بەفربارین و بارانێکی زۆر هەیە لەو ناوچانە.
ئەو شارەزای کەشناسییە دەشڵێت “ئەو تۆپەڵە هەوا جەمسەریە لەبەر ئەوەی بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوه ئەگەر هەیە بڕێک شێ بهێنێتە چیاکانی هەرێمی کوردستان”.
ئەو پێشبینیش دەکات “ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچه شاخاوییە سنورییەکانی باکوری سلێمانی و هەولێر و دهۆك و پلەکانی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و دوور نییە لە لوتکە چیاکانی حەساڕۆست و هەڵگورد بڕێکی کەم بەفر ببارێت”.
ئەوەشی خستۆتەروو “له ناوچەکانی گەرمیانیش بەتەوای پلەکانی گەرمی دێنە خوارەوەو لە ناوەڕاستی پلەی سییەکان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما دەکرێت”.