جەمیل بایک: هەندێک هێزی سەر بە پارتی کە پێسمەرگە نین گەریلا گەمارۆ دەدەن

لڤین:

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، رایگەیاند هەندێک هێزی سەر بە پارتی کە پێسمەرگە نین بەردەوام گەریلا گەمارۆ دەدەن، هیواداریشە سەرۆکی پارتی بەڵێنەکەی بۆ شەڕی براکوژی جێبەجێ بکات.

جەمیل بایک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ستێرک تی ڤی وتی: بەڕێوەبەریی پارتی لە بادینان لەدژی داگیرکاریی تورک و لە پاڵ ئێمە نەوەستان، بۆ وایان نەکرد؟ لەوانەیە زۆر هۆکاری هەبێت، ئێمە ئاگامان لێیانە و نامانەوێ بە دوور و درێژی باسی بکەین، مادام کە لەگەڵ ئێمە دژی داگیرکاریی تورک ناوەستنەوە، هیچ نەبێت دەبوو ڕەوایەتیان بەو داگیرکاریانە نەدایە.

ئەو وتیشی: هەندێک هێزی سەر بە پارتی کە پێوەندیێکیان بە پێشمەرگەوە نییە و تەنیا لەپێناو پارە کار دەکەن هەوڵدەدەن گەریلاکان گەمارۆ بدەن، تەنانەت زۆرتر دێنە پێشەوە و دەیانەوێت گەریلا ئاستەنگ بکەن، هەوڵێکی بەمشێوەیەیان هەیە، دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان هەندێک لە هەرێمەکان ببڕن و بەمشێوەیە هاتوچۆی گەریلاکان سنووردار بکەنەوە، دەیانەوێت ڕێگای پێگەیشتنی پێداویستیەکانی گەریلاکان بگرن، بەمشێوەیە خزمەتی دەوڵەتی داگیرکەر دەکەن، داواکاریمان لێیان ئەوە بوو ئەگەر لە پاڵ ئێمە نیین لانیکەم لە بەرامبەری ئێمەش نەبن.

جەمیل بایک درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: هەندێک کەس چوون، لەگەل بەڕێز بارزانی چاوپێکەوتنیان کردووە و بەڕێز بارزانی پێی وتوون لەسەر بەڵێنەکەی پێشووی خۆیەتی، ئەگەر بەمشێوەیە بێت گرنگ و پیرۆزە و ئێمە پێی دڵخۆشین، دەمانەوێت ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکرێت، ئەو بەڵێنە بۆ ئێمە بەنرخ بوو، بە هیچ شێوەیەک ئامانجی ئەوەمان نییە کە لە بەرامبەر پارتی شەڕ بکەین، مادام کە کاک مەسعود وتوویەتی لەسەر بەڵێنەکەی خۆیەتی، ئەو کاتە پێویستە بەڵێنەکەی بەجێبێنێت، بەمشێوەیە هەموو گومانەکان لەناودەچێت، ئێمە ئامادەین تا ئەو بەرپرسیاریەتییەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێ بکەین، لەسەر ئەو بڕوایەین کە بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن و هەوڵ بۆ بەجێکردنی هێزەکان ڕابوەستێت، ئەگەر وا بکرێت هەموو کێشەکان لە ڕێگای دیالوگەوە چارەسەر دەبن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button