ئەو كۆمپانیایە كێیە دەیەوێت بەپاڵپشتی یەكێتی نەخۆشخانەی هیوا بكاتە ئەهلی؟

وردەكاری كێشەكانی نەخۆشخانەی هیوا

لڤین:

گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا لەدابیننەكردنی دەرمان بۆ نەخۆشەكان و  خەرجنەكردنی موچەی پزیشكان و فەرمانبەرانی ئەو نەخۆشخانەیە بووەتە جێی نیگەرانی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان.

بەشیک لە میدیاکان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە هۆکاری  چارەسەرنەكردنی ئەم گرفتانەوە تۆمەتبار دەکەن.

پێگەی بوار نیوز چەند زانیاریەکی لەپزیشكان و كارمەندانی ناو نەخۆشخانەی هیوا دەست كەوتووە و دەڵێت، ئەو كێشە و گرفتانەی لەئێستادا بەرۆكی لەلایەك نەخۆشانی ناو نەخۆشخانەكەی گرتووەو لەلایەكی دیكەشەوە پزیشكان و كارمەندانی گرتووەتەوە، كێشەگەلێكن لەماوەی هەفتەیەك یاخود مانگێك سەریان هەڵنەداوە، بەڵكو بەپلان و بەرنامە زیاد لەشەش مانگە لەلایەن كۆمپانیایەك بەناوی كۆمپانیای (ق) كار بۆ ئیفلیجكردنی نەخۆشخانەی هیوا دەكرێت و تا ڕاددەیەكی زۆریش سەركەوتوو بوون، چونكە خودی ئەو كۆمپانیایە پاڵپشتی سەرەكی دەكرێت لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەچارەسەری شێرپەنجەی كردووەتەوە.

پێگەکە ئەوەسی ئاشکراکردووە بەشێكی زۆر لەپزیشكانی پسپۆڕ بەتایبەت ئەو پزیشكانەی شارەزایەكی زۆریان لەنەخۆشی شێرپەنجە هەیە و لەشاری سلێمانی ناسراون گواستراونەتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە ئەوەش لەبەرامبەر پێدانی بڕێكی زۆر پارەی مانگانە و دابینكردن ڤێلایەكی تایبەت بە مانەوەیان كە لەلایەن كۆمپانیای (ق)ەوە دروستكراون و تایبەتن بە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نشتیمانی كوردستان، بۆیە خودی بەرپرسانی باڵای یەكێتیش بێدەنگن لەئاست كەمتەرخەمییەكانی وەزارەتی تەندروستی لەبەرامبەر نەخۆشخانەی هیوا بەو ئامانجەی بتوانن نەخۆشخانەی هیوا بەیەكجاری لەدەست وەزارەتی تەندروستی دەربهێنن و بۆ خۆیان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی بكەن.

پێگەکە دەشڵیت “داخستن و بەئەهلیكردنی نەخۆشخانەی هیوا لەلایەن یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە یەكلایی بووەتەوە، چونكە ئەو كۆمپانیایەی بەو كارە ڕاسپێردراوە ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ لەئەستۆگرتنی نەخۆشخانەكە، بەجۆرێك لەدوای وەرگرتنی ئەو نەخۆشخانەیە لەسەرەتادا بۆ ماوەی چەند مانگێك هاوشێوەی كەرتی حكومی خزمەتی نەخۆشەكان دەكرێت و دەرمان و چارەسەری پێویستی بۆ دابیندەكەن ئەوەش دەكەن بەبانگەشەیەكی هەڵبژاردن و بەدەستكەوتێكی یەكێتی هەژماری دەكەن، بەڵام دواتر نەخۆشخانەكە وەك هەر نەخۆشخانەیەكی دیكی كەرتی تایبەت مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكانیدا دەكات”.

پێشتر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، كە شەش مانگە حكومەتی هەرێم پارەی تەرخانكراوی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوای خەرج نەكردووە، هەموو كۆمپانیاكانی دەرمانیش هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا ڕاگرتووە.

ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند  “لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی (كاك عەبدولڕەحمان) و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی(د. سەباح) ڕێكەوتوون. كە پارەی كڕینی دەرمان چارەسەر بكەن و بە پێی سیولە پارەیان بۆ خەرج بكرێت وەكو ساڵانی پێشوو”.

هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی ئاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد و وتی: دڵنیایی دەدەین ناهێڵین نەخۆشخانەی هیوا بکەویت، ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین کێشەکانی چارەسەر بکات ئەگەر نەیکرد ئەوکاتە ئێمە هەموو پشتیوانیەکی دەکەین.

نەخۆشخانەیەی هیوا دیاری جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بوو بۆ خەڵكی سلێمانی، لەدوای كردنەوەشی بویە سەنتەرێك بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە كە لە زۆربەی شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە نەخۆشی بۆدێت.

هەر لەو بارەیەوە ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت:  ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێم، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگی پێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button