عەتا سەراوی سزا دەدرێت

لڤین:
یەکێتی بڕیاریداوە عەتا سەراوی سزا بدات و بۆ ئەوەش لیژنەیەکی پێکهێناوە و هاوسەرۆکی یەکێتیش پێی وتووە ناتوانێت قبوڵی ئەو قسە ناڕێکانە بکات کەبەرامبەر یەکێتی وسەرکردایەتی کردویەتی.
دوای ئەوەی ۱٦ی حوزەیرانی ۲٠۲۱ عەتا سەراوی، سەردانی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەکات وێنەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند کە ئەو پارێزەری یەکێتی و هاوسەرۆکانی حزبەکە دەبێت.
لڤین لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیویەتی لاهور شێخ جەنگی پێی راگەیاندووە تۆ بەرامبەر هەموو یەکێتی و هەڤاڵانی سەرکردایەتی قسەی ناڕێک و نابەجێت کردووە بۆیە دەبێت سزای حزبیانەی خۆت وەربگریت.
لڤین ئەوەشی زانیوە هاوسەرۆکی یەکێتی پێی راگەیاندووە ناتوانێت قبوڵی ئەو قسە ناڕێکانە بکات کەبەرامبەر یەکێتی وسەرکردایەتی کردویەتی بۆیە ئەم داوای لێبوردنە هیچ لەوبڕیارە ناگۆردرێت کە دەبێت سزای حزبیانەی خۆت وەربگریت وەک ئەوەی پەیڕەو دیاریکردووە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی بەردەستی لڤین: لە ئێستادا لیژنەیەک بۆ سزادانی عەتا سەراوی پێکهاتووە، بۆ ماوەیەیکی دیایریکاراو کە سەرکردایەتی یەکێتی دیایردەکات بەشداری لەهیچ کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی پێناکرێت.
بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕیارەش لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت بڕیارەکە پەسند دەکرێت و بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە.