ئێران و سعودیە؛ مێژوویەک لە دوژمنایەتیی و ئاسۆیەک بۆ دۆستایەتیی

لڤین: بەرزان مەلا تەها

ئێران وسعودیە دوو دەوڵەتی گەورەی مەزھەبیی و دوو جەمسەری گەورەی ھەرێمین لەناو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی ئیسلامیدا، دوژمنایەتیی و بەریەککەوتنی مەزھەبیی لەنێوانیاندا مێژوویەکی دوورو درێژی ھەیە.

پەیوەندییەکانی نێوانیان مۆرکێکی مەزھەبیی ھەیە

لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەت و ستراتیجی ھەر یەکێکیان بگری لەگەڵ ئەوی تردا دژیەکەو یەکناگرنەوە، لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی لەسەر دەستی ئایەتوڵڵا خومەینی، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەھۆی کاریگەریی مەزھەبی شیعەو رەوتی وەھابیی لە سعودیە، دوچاری گرژیی و ئاڵۆزیی گەورە بۆوە، ئەم گرژیی و ئاڵۆزییە، کاریگەریی گەورەی لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامیی دروستکردووە

مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە

یەکەمین رێکەوتننامەی فەرمیی دۆستایەتیی لەنێوان ئێران و سعودیەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٩ بەم ھۆیەوە یەکەمین باڵوێزخانەی ئێران لە شاری جددە کرایەوە (رەزا شا پەھلەویی)، (حەبیبوڵڵا خان ھوەیدا)ی وەک یەکەم دیپلۆماتکار رەوانەی جددە کرد، لەساڵی ١٩٣٢ شاندێکی گەورەی سعودیە سەردانی تارانی پایتەختی ئێران کرد.

لەساڵی ١٩٤٣پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە ئاستەنگی ھاتە رێ، سعودیە ھاوڵاتییەکی ئێرانیی بەتۆمەتی رەجمکردنی کەعبەو سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر (د.خ) و ھاوڵانی لەسێدارەدا، ئێران ناڕەزایەتیی لەئاست لەسێدارەدانی ھاوڵاتییەکەی دەربڕیی و پەیوەندییەکانیان تا ساڵی ١٩٤٥ پچڕا، کاتێکیش لەساڵی ١٩٤٥، ئێران دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا، ئەم ھەنگاوەی ئێران، سعودیەی توڕەکردو سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی نێوانیان تەقەی تێکەوت.

لەپەنجاکانی سەدەی بیستەمداو لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئەفسەرە ئازادەکان لەمیسرو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن (جەمال عەبدولناسر)ەوە، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە بەھۆی مەترسییەکانی ئەم شۆڕشە بۆ سەر سیستمە پاشایەتییەکانی ناوچەکە، لێکنزیکی لەنێوانیاندا دروستبوو، کاتێک سوپای میسر ھێرشی کردە سەر یەمەن، ئێران ھێزێکی رەوانەی سعودیە کرد بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئەم وڵاتە.

دواتر پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لەشەستەکاندا بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینی و مەلیک فەیسەڵ سەردانی تارانی کردو لەپارلەمانی ئێران وتارێکی پێشکەشکرد، لەوتارەکەیدا داوای قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتی کرد، وا بڕیاربوو لەساڵی ١٩٦٨ (محەمەد رەزا شا) سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بکات، بەڵام بەھۆی دانپێدنانی سعودیە بە دەسەڵاتی پاشایەتیی لەبەحرەین و (شێخ عیسا ئالخەلیفە)، سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات کێشەی تێکەوت، دواتریش شای ئێران سەردانی سعودیەی کردو پەیوەندییەکانیان ئاسایی بۆوە، بەگشتیی لەساڵانی حەفتاکا، پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات ئاسایی بوو.

لەگەڵ دروستبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەئێران و باڵادەستبوونی باڵی مەزھەبیی لەئێران بە سەرۆکایەتیی (ئایەتوڵڵا خومەینی)، لەساڵی ١٩٧٨ وەزیری بەرگریی سعودیە (سوڵتان عەبدولعەزیز) سەردانی تارانی کردو پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ (محەمەد رەزا شا) و رژێمی پەھلەویی دوپاتکردەوە، لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی لەئێران لەساڵی ١٩٧٩، دۆخێکی نوێ لەناوچەکە ھاتەئاراوە.

جەمسەرێکی نوێی ئیسلامیی پەیڕەوکاری مەزھەبی شیعە ھاتە ئاراوەو بە ئایدۆلۆجیایەکی ئیسلامیی شۆڕشگێڕییەوە نوێوە لەگۆڕەپانەکەدا خۆی نمایشکرد، دروشمی بڵاوکردنەوەی شۆڕشی ئیسلامیی بەرزکردەوە،  شۆڕشی ئیسلامیی لەئێران کاریگەریی گەورەی لەسەر شیعە مەزھەبەکانی وڵاتانی عەرەبیی کرد سعودیەش بەدەرنەبوو لەم کاریگەرییە.

دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ جێبەجێکردنی بڵاوکردنەوەی شۆڕشی ئیسلامیی و (ھەناردەکردنی شۆڕش) بوون بۆ وڵاتانی تری ئیسلامیی، شیعەکانی سعودیە گەشبین بوون بەم سەرکەوتنە مەزھەبییەی باڵیی ئایینی لەئێران وبەم ھۆیەوە خۆپیشاندانیان سازکرد خۆپیشاندانی شیعەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە بە مەترسییەکی گەورە لێکدرایەوەو ھەرزوو خامۆشکرا، ھەر بەھۆی مەترسییەکانی ئێرانەوە، وڵاتانی کەنداو لەساڵی ١٩٨١ ئەنجومەنی ھاریکاریی کەنداویان دروستکرد بۆ بەرپەرچانەوەی ھەرجۆرە مەترسییەکی جددی ئێران، کاتێک لەساڵی ١٩٨٧ حاجیانی ئێران بەمەبەستی بەجێھێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە.

نزیکەی ٤٠٠ حاجی ئێرانی بەھۆی دروستبوونی پشێویی و گرژییەکانەوە بوونە قوربانی، بەمجۆرە پەیوەندییەکان نێوان ھەردوو وڵات بەتەواوەتی پچڕا، لەساڵی ١٩٩٧ دوابەدوای کۆتایی ھاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی (ھاشمی رەفسنجانی) و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن باڵی ریفۆرمخوازیی بەسەرۆکایەتیی (محەمەد خاتەمی) پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە تا رادەیەک رووی لەئاسایی بوونەوە کرد.

لەساڵی ٢٠٠١ ھەردوو وڵات رێکەوتننامەیەکی ئەمنییان واژۆکرد کە ھێمابوو بۆ دەرکەوتنی قۆناغێکی نوێ لەپەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو بەگشتیی و ئێران و سعودیە بەتایبەتیی، کاتێکیش ماوەی دەسەڵاتی محەمەد خاتەمی و باڵی ریفۆرمخوازیی کۆتایی ھات، لەگەڵ دەستبەکاربوونی باڵی موحافیزکاریی بە سەرۆکایەتیی (مەحمود ئەحمەدی نەژاد) سەرلەنوێ بەھۆی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمیی و ناوەکییەکانی ئێرانەوە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات رووی لەگرژیی کردەوە.

دواتریش پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە لەماوەی سەرۆکایەتیی (حەسەن رۆحانی) لەساڵی ٢٠١٣ەوە، بەھۆی سیاسەتی ئێران لەناوچەکەو پشتیوانیکردن لە حوسییەکانی یەمەن و دۆخی سوریاو پەرەپێدانی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی ئەم وڵاتەوە دوچاری ئاستەنگی گەورە بۆوە

گرنگترین خاڵە ناکۆک و یەکلانەکراوەکانی ئێران و سعودیە

تا ئێستا لەسەر چەندین ئاست کێشەی ھەرێمیی و دەستێوەردانی ھەردوو وڵات لەناوچەکەدا بوونەتە ھۆکاری ئاڵۆزیی و ململانێکانی نێوانیان، لەگرنگترینیان:

دەستێوەردان و پشتیوانییە سەربازییەکانی سعودیەو ھاوپەیمانەکانی لە بەحرەین دژ بە ناڕەزایەتیی شیعەکانی ئەم وڵاتە و سەرکوتکردنیان.

دەستێوەردان و پاڵپشتییە سەربازیی و ھەواڵگریی و ئەمنییەکانی ئێران لە سوریا بۆ مانەوەی (بەشار ئەسەد) و رژێمەکەی.

دەستێوەردان و ھەڵمەتە سەربازییەکانی سعودیەو ئیمارات و ھاوپەیمانەکانیان لە شەڕی یەمەن دژ بە حوسییەکان و بەردەوامیی ئەم شەڕە.

دەستێوەردانی راستەوخۆو ھەژموونی بەھێزی ئێران لە عێراق .

باڵادەستیی و نفوزی گەورەی ئێران لەلوبنان لەرێگەی حیبزوڵڵای لوبنانییەوە.

بەرنامە موشەکیی و بالیستییەکانی ئێران و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی کەنداو و وڵاتانی ناوچەکە.

پڕچەککردنی گروپ شیعەگەرا نەیارو بەرھەڵستکارەکانی وڵاتانی ناوچەکە.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداوو ئیسرائیل.

چەندین دۆسیەی تر.. کە ناکۆکییەکانی ھەردوو وڵاتی بەرەو ئاقارێکی مەترسیداربردووە

 

ئاسۆکانی دۆستایەتیی و ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە

لەئێستادا میدیا جیھانیی و نێودەوڵەتییەکان بە بایەخێکی ئێجگار گەورەوە لەبارەی ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق (مستەفا کازمی) دەڕوانن ئامانج لەم نێوەندگیرییەی مستەفا کازمی، کەمکردنەوەو ئاساییکردنەوەی گرژییە توندو بەریەککەوتنەکانی نێوان ئێران و سعودیەیە، کە لەم ساڵانەی دواییدا ھەردوو وڵات بەتوندیی دژبەیەکتریی ھەڵوێست وەردەگرن و بەردەوام لێدوانی لەدژی یەکتری دەدەن

حوسییەکانی یەمەن، کە سەنعای پایتەختی یەمەنیان بەدەستەوەیەو لە لایەن ئێرانەوە ھاوکاریی دەکرێن، بەتەواوی کەوتوونەتە لێدان لە شادەمارە ئابوورییەکانی سعودیەو بۆردومانکردنی ناوچە ھەستیارەکانی ئەم وڵاتە لەوانە کۆمپانیای ئارامکۆ.

سعودیە راستەخۆ ئێران بە بەرپرسیاری ئەم دۆخە دەزانێت، دۆخی نائارام و پڕ لە پشێویی ناوچەکەو مەیدانی ململانێکانی ھەردوو وڵات چیتر بەرگەی دواکەوتنی زیاتر ناگرێت وپێویستی بە چارەسەری ریشەییە

رۆژنامەی (فایننشال تایمز) ئاماژەی بە کۆبوونەوەی بەرسە باڵاکانی ئێران و سعودیە بەنێوەندگیریی مستەفا کازمیی لەسەرەتای مانگی چواری ئەمساڵدا کردووەو باس لە ھێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیەو دۆخی سیاسیی لوبنان کراوەو کۆبوونەوەکە بە ئەرێنیی لەقەڵەمدراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەریەک لە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی سعودیە (خالید عەلی حومێدان) و (عەلی شەمخانی)  ئامادە بوون، لای خۆیەوە باڵوێزی ئێران لەعێراق (ئیرەج مەسجدی) رایگەیاندووە، ئێران خۆشحاڵە بە جموجۆڵە دیپلۆماتییەکانی عێراق و ھیوای خواستووە ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و ئارامیی لەناوچەکەدا

وەزیری دەرەوەی ئێران (محەمەد جەواد زەریف) پشتڕاستی نێوەندگیریی عێراقی کردۆتەوەو لەدوا سەردانیدا بۆ شاری بەغداو لەمیانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ مستەفا کازمی باسیان لەوردەکاریی لێکنزیکردنەوەی تێڕاوانینەکانی ھەردوو وڵات کردۆتەوە

ھەرچی ھەڵوێستی سعودیەکانە لەرۆژی ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١ (محەمەد بن سەلمان) لەچاوپێکەتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند “ئێران دەوڵەتێکی دراوسێیە، ھیواخوازین پەیوەندییەکانی باش و تایبەتمان لەگەڵ ئێراندا ھەبێت، نامانەوێت دۆخی ئێران لەوە خراپتر بێت، بەپێچەوانەوە، دەمانەوێت ئێران گەشەسەندوو بێت، ئێمە بەرژوەندییمان ھەیەو، ئەوانیش بەرژوەندییان لە سعودیەدا ھەیە تا ناوچەکەو جیھان بەرەو گەشەسەندن و پێشکەوتن بەرین”

لەئەنجامدا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە ئایا ھەوڵە دیپلۆماتییەکانی عێراق و خودی مستەفا کازمیی بەچ ئاقارێکی چارەسەردنی کێشە گەورەکان ھەنگاو دەنێن؟

ئایا ئاسۆ و لێکەوتەکانی رێککەوتنیان بە چ ئاڕاستەیەکدا لەناوچەکەدا دەکەوێتەوەو تا چەند کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە بنچینەییەکانی ناوچەکە دەبێت؟

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button