سوپای ئیسرائیل بانگهێشتی سەربازە یەدەگەکانی دەکاتەوە

لڤین

سوپای ئیسرائیل دوای بۆردومانی کۆنسڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی، سەربازە یەدەگەکانی بانگهێشتدەکاتەوە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا، “بانگهێشتى سەرجەم سەربازە یەدەگەکانى وڵاتەکەى دەکات بگەڕێنەوە ریزى سوپا بەمەبەستى بەهێزکردنى هێزى ئاسمانى و بەرگریى سوپاى وڵاتەکەی”.

بەگوێرەى زانیارییەکانى رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، “ئامانج لەو بانگهێشتنامەیەی سوپاى ئیسرائیل بۆ سەربازەکانى ئامادەکارییە بۆ رووبەڕووبونەوەى هەر هێرشێکى نەخوازراو بۆ سەر هێزەکانیان لە دواى هۆشدارییەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران”.

ئەوەش دواى ئەوە دێت، رۆژی 1ی نیسانى 2024، سوپاى ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا، کۆنسڵخانەی ئێرانى لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کردە ئامانج کە بەهۆیەوە حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.

دواى هێرشەکەش بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران رایانگەیاند “ئەو هێرشەى سەر هێزەکانیان پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بەبێ وەڵام نابێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button