سەعدی پیرە: ناوچەگەریکردنی حزبەکان بچووککردنەوەی خۆیان و هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە

لڤین

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لە هێز و لایەنه‌ سیاسییەکان دەکات پێکەوە بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن و ده‌شڵێت، “ناوچەگەریکردنی حزبەکان بچووککردنەوەی خۆیان و هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە”.

سەعدی پیرە، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند: ئەوهێرشانەی دەکرێنە سەر کوردستان، ئەو هەڕەشانەی کە هەن چی بۆردومانەکانی هەولێر، چی فڕۆکەخانەی عەربەت، چی هێرشە درۆنیەکان، هەوڵی کەمکردنەوەی ستافی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆتاییهێنان بە مانەوەی تیمی راهێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان هەمووی بە یەکەوە هەوڵێکە ئامانج لێی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەن لەسەر هەرێم.

باسی له‌وه‌شكرد: “ئیتر دەبێت ئێمەش هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسیەکان بخەینە گەڕ بۆ بە گژداچوونەوەی ئەم هەوڵ و تەقەللا نەزۆکانە وە هەڵوێستی یەکگرتومان هەبێت”.

به‌ وته‌ی سه‌عدی پیره‌، هەر لایەنێکی سیاسی لە هەرێم پێ وابێت جیاوازی شارێک و شارێک هەیە، بۆ نموونە پارتی پێی وابێت سلێمانی پەیوەندی بە ئەوەوە نییە و حکومەت حەقی نییە، یەکێتی پێی وابیت هەولێر پەیوەندی بە ئەوەوە نییە ئەمە هەم خۆ بچووکردنەوەیە و هەم قەوارەی هەرێمیش بچووک دەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button