عێراق دژی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی وەستایەوە

لڤین:

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، رایگەیاند، ھێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر حەشدی شەعبی لەسەر سنوری عێراق لەگەڵ سوریا ئیدانە دەكەن.

لیوا یەحیا رەسول، لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نوسیویەتی “ھێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر خاڵێكی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری عێراق لەگەڵ سوریا، ئیدانە دەكەن”.

ئەو  راشیگەیاندووە “ھێرشەكە بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان، پێشێلكارییەكی روونە بۆسەر سەرەوەریی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق”.

ئەو دەشڵێت “عێراق رەتی دەكاتەوە ببێت بە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی حسباتەكان و سوورە لەسەر پاراستنی سەرەوەریی خاكەكەی و رێگرتن لە بەكارھێنانی خاكەكەی وەك گۆڕەپانێك بۆ كاردانەوە و دەستدرێژیكردن”.

رەسوڵ وتوشیەتی “داوای ھێوركردنەوەی رەوشەكە و خۆ بەدوورگرتن لە گرژییەكان دەكەین و دووپاتی دەكەینەوە كە عێراق لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە ئەنجام دەدات و لەسەر ئاستە جیاجیاكانیش لە پەیوەندیدا بێت بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلكارییانە”.

لە ھێرشێكی ئاسمانیی ھێزەكانی ئەمریكادا، ژمارەیەك بنکەی گرووپی كەتائیب سەید شوھەدای سەربە حەشدی شەعبی لەسەر سنوری عێراق لەگەڵ سوریا كراونەتە ئامانج و لە ئاكامدا، چوار چەكداری گروپەكە كوژراون و سێی دیكەیش برینداربوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button