میراتی سەردەشت عوسمان

تیرۆری سەردەشت عوسمان دوای 11 ساڵ چی گۆڕی؟

لڤین: شیکاری

نوسەری بابەتی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم) دوای مەرگی بووە رچەشکێنی رەخنەگرتن لە خێزانی بارزانییەکان و دەرگایەکی نوێی کردەوە بۆ ئەوەی ئەو خێزانە شکۆیان وەک پێشتر نەمێنێت و بە زمانێکی سادە کەموکورتی و خراپەکاریەکانیان ئاشکرابکرێن.

پێش ساڵی ٢٠١٠ رەخنەگرتن لە پارتی زۆر مەترسیدار نەبوو، بەڵام رەخنەگرتن لە خێزانی بارزانییەکان مەترسیداربوو، بۆیە هەرکەسێک لە هەولێرەوە بیویستایە رەخنە لەو خێزانە بگرێت ناچاربوو ناوی خوازراو بەکار بهێنێت، چونکە ئەو دەمەش سەردەمی سەرەتای گەشەی میدیای ئەلکترۆنی بوو، بۆیە قورسبوو بۆ ئەوەی سەرچاوەی ناوە خوازراوەکان بدۆزرێتەوە.

لەو دەمەدا وتارێک لە ژێر ناوی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم) لە سایتی کوردستان پۆست بڵاوکرایەوە کە نوسەرەکەی (سەرۆ سەردەشت) بوو، دوایتر هەوڵەکانی دەزگای پاراستن نوسەری ئەو بابەتەی ئاشکراکرد کە سەردەشت عوسمان بوو.

دواتر دەزگاکە بڕیار دەدات جوڵەو پەیوەندییەکانی ئەو گەنجە کە قۆناغی کۆتایی زانکۆی بوو بخاتە ژێر چاودێرییەوە، تا لە کۆتایدا لە رۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لەبەردەم زانکۆ لە هەولێر بە زۆر دەخرێتە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە و لە لایەن تیمێکی بکوژی شارەزاوە دوو فیشەک دەنرێت بە ناو دەمیەوە و تەرمەکەی لە شاری موسڵ فڕێ دەدرێت.

ماڵپەڕی تەڤدا لە رێگای سەرچاوەی خۆی ناو دەزگای پاراستن رایگەیاند، ئەرکی چاودێریکردنی سەردەشت بە کەسێک سپێردرابوو کە ناوی بەهادین بووە و پێش ئەو کارەی لە شاری بەغداد کاری بۆ دەزگاکە کردووە، لە راپۆرتەکەیدا بۆ سەروی خۆی وتویەتی کە سەردەشت، تەنیا لە ماڵەوە بۆ زانکۆ هاتووچۆ دەکات و باشترین شوێن بۆ ئەوەی بتواندرێت تیادا روبەڕووی ببنەوە بەردەم زانکۆیە.

دوای ئەوەی سەردەشت تیرۆرکرا، چەندین پەرلەمانتار و کەسایەتی سووربوون لەسەر ئەوەی کە پارتی تاوانبارە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو بۆ تاوانبارکردنی بۆیە دەیانوت بە هۆی ئەوەی پارتی خۆی دەسەڵاتدارە لە شارەکەدا بۆیە دەبێت بکوژەکان ئاشکرا بکات، ئەوە جگە لەوەی کاردانەوەی جەماوەریشی لێکەوتەوە و لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

دوای کاردانەوەکان مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسەکانی پاراستن کە خۆی سەرۆکایەتی دەکرد، داوای چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانە دەکات کە لەبارەی دۆسیەکەوە ئاراستەیان دەکرێت، هەر لەو کۆبونەوەیەدا بیرۆکەی پەیوەندی سەردەشت بە رێکخراوە ئیسلامیەکانەوە دەخرێتەڕوو و راستەوخۆ سەرۆکی پاراستن بە گونجاوترین بیرۆکەی دەزانێت.

دوای ئەوە کوردێکی موسڵ بەناوی هیشام مەحمود ئیسماعیل لەسەر شاشەی کەناڵی کوردستان تی ڤی وەک تاوانبار دەرکەوت.

دوای سەردەشت ئیتر میدیای ئەلکترۆنی فراوان بوو کۆنتڕۆڵی تەنها لەدەست حزبەکان نەمایەوە، زمانی رەخنە لە خێزانی بارزانییەکان زیاتر پەرەی سەند، بۆیە دوای سەردەشت بە سەدان کەس مانشێتی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم)ی بەکارهێنایەوە.

تا ئێستاش کە ١١ ساڵ بەسەر مەرگیدا تێپەڕی کردووە خێزان و هاورێبازانی سەردەشت ئەو هیشامە بە بکوژی ئەو شەهیدەی قەڵەم نازانن و پێیان وایە ئەو تاوانەکەی تەنها ئەوەندەیە کە تاوانێکی خستووەتە ئەستۆی خۆی کە ئەنجامی نەداوە.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button