لڤین
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئهوسەت بڵاویكردەوە، حكومەتی عێراق تۆنی دەنگی نەرمتر كردوە بەرامبەر هەرێم، دوای ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ دو كۆمپانیایی ئەمریكی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار واژۆیكرد، عێراق سەرەتا ڕێككەوتنەكەی ڕەتكردەو و ئێستاش تەنیا داوای “پابەندبون بە دەستور” دەكات بۆ چارەسەركردنی پرسێكی لەو جۆرە.
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئهوسەت، ئەمڕۆ دوشەممە لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم و دو كۆمپانیایی ئەمریكی گرێبەستێكیان بە بەهای ملیاران دۆلار لە بواری وزە ئەنجامدا، سەرەتا حکومەتی فیدراڵی عێراقی توڕەکرد، لەبەرئەوەی ڕێککەوتنەکە بەبێ ئاگاداری بەغدا ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، دواتر عێراق بەخێرایی تۆنی خۆی نەرمتر کرد، تەنیا داوای “پابەندبون بە دەستور” دەكات لە چارەسەرکردنی پرسێکی سەروەری بەو جۆرە گرنگییە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆژی شەممە لە میانەی پێشوازی لە ئانگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد، سیناتۆرەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و شاندەکەی یاوەریان، خواستی خۆی بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا دەربڕی، بە تایبەتی ئابوری، وزە، وەبەرهێنان و ڕۆشنبیری.
لەمیانەی دیدارەكەدا سودانی دوپاتیکردەوە، حکومەت هەنگاوی یەکلاکەرەوەی لە کەرتی نەوت و گازدا ناوە و دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان لەو بوارەدا.
ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە ڕایگەیاند، لە ژوری بازرگانی واشنتن ڕێككەوتنی لەگەڵ دو كۆمپانیای ئەمریكی بڕی 110 ملیار دۆلار بۆ بەڕێوەبردنی بلۆکی وزەی تۆپخانە لە گەرمیان و پەرەپێدانی کێڵگەی غازی میران ئەنجامداوە كە كاردانەوەی ناوخۆی و دەرەكی لێكەوتەوە.