لڤین
هەپەگە رایگەیاند، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا بەردەوامن و گەریلاش لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا وەڵامی هێرشەكانی داوەتەوەو چەند ئامانجێكی سوپای توركیای تێكشكاندون لەنێویاندا تێكشكاندنی درۆنێك و تانكێك و خستنەخوارەوەی درۆنێكی دیكە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا لە 20ی ئەم مانگەوە لەلایەن سوپای توركیاوە 27 جار بە تەقەمەنی قەدەغەكراو و حەوت جار بە گازی كیمیایی و چەكی قورس، بەسەختی سەنگەرەكانی گەریلا لە ناوچەكانی پاراستنی مێدیا بۆردومان كراون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەچوارچێوەی پاراستنی رەوادا، لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا، گەریلا وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوەو لە ئاكامدا لەناوچە جیاجیاكانی پاراستنی مێدیا گورز لە دو ئامانج، كۆنتێنەرێك، ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆش، چوار حەشارگە وەشێندراو ئامانجێك، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو، دو حەفارە و تانكێك تێكشكێندران و درۆنێكی بۆمبڕێژكراویش خرایەخوارەوە.