لڤین
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهمڕۆ ڕەخنەی لە گۆڕانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەکانی سەر تاران گرت و بە “یاریی” وەسف کرد، کە ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ههردو وڵات نییە، دهشڵێت، “وڵاتانی دراوسێ بەڵێنیان داوە كه نەهێڵن ئیسرائیل خاک و ئاسمانیان دژی ئێران بەکاربهێنێت”.
ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لهبارهی لێدوانهكانی ترهمپ پهیوهست به ههڵگرتنی سزاكان، ڕایگهیاند، “ئەو بەیاننامانە پێویستە زیاتر لە چوارچێوەی یارییە دەرونی و میدیاییەکاندا سەیر بکرێن نەک وەک دەربڕینێکی جددی لە پەسەندکردنی دیالۆگ یان چارەسەرکردنی کێشەکان”.
لهبارهی هێرشی سهر ئێران، بهقایی دهڵێت، “هەمو وڵاتانی دراوسێ ڕەتیان کردوەتەوە ئیسرائیل، خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان دژی ئێران بەکار بهێنێت، ئەوان بەبێ جیاوازی، دڵنیایان کردوین کە ڕێگە نادەن ئیسرائیل خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان بەکاربهێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشکردنە سەر ئێران”.
ئهوهشی خستهڕو، “وڵاتانی دراوسێ دهڵێن، مۆڵەتی لەو شێوەیەیان بە ئیسرائیل نەداوە و لە داهاتوشدا نایدەن، چ لەبەر پابەندبون بە سیاسەتی دراوسێیەتی بێت، یان لەبەر ڕێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان”.
ترەمپ باسی لهوهكردوه، کە بیرکردنەوە لە سوککردنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێرانی ڕاگرتوە، ئەوەش دوای لێدوانەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران دژی ئیدارەی ئەمریکا.
سهرۆكی ئهمریكا لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی، نوسیویهتی، “لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، کارم لەسەر ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان و شتی تر دهكرد، کە دەرفەتێکی زۆر باشتر دەدات بە ئێران بۆ بوژانەوەی تەواو و خێرا و هەمەلایەنە، سزاکان سەختن، بەڵام نەخێر، لەبری ئەوە بەیاننامەیەکم پێدەگات کە پڕە لە توڕەیی و ڕق و بێزاری”.
ئهوهشی وت، دوای لێدوانهكانی خامنهیی “دەستبەجێ هەمو هەوڵەکانم ڕاگرت بۆ کەمکردنەوەی سزاکان و زیاتریش، ئێران دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕەوتی سیستەمی جیهانی، ئەگەرنا شتەکان خراپتر دەبن بۆیان”.