لڤین
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەى نووسراوەکەى تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق رایانگەیاند، سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتوونەتە ئاستی برسیکردنى مووچەخۆران و بڕیارەکە سیاسییە و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، بە فەرمی داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بەپەلە دەستوەردان لەبارەى نووسراوەکەى تەیف سامى، لەبارەى کۆتاییهاتنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى ئەمساڵ و نەناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بکات.
باسیان لەوەشکردووە، هەڵوێستیان پەیوەستە بە وەڵامی سودانییەوە، داواش لە سەرۆککۆماری کۆمار و وەزیرە کوردەکان دەکەن هەڵوێستی روون و ئاشکرای خۆیان لەسەر ئەو نووسراوە بخەنەڕوو.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، ناردنى مووچە چاکەیەک نییە بەڵکو شایستەیەکی دەستوورییە و بە یاسا دەستەبەر کراوە، دواخستن یان راگرتنی مووچە، سزایەکی بەکۆمەڵە دژى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.