گۆڕانکاری پرسێکی حەتمیە و هەردەبێت ڕووبدات سروشتی دیاردەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە تا دەگاتە ناو ژیانی سیاسی و ئابوری و ئاینی و هەموو ڕەهەندەکانی تری ژیان بە جۆرێکە کە گۆڕانیان بەسەردادێت، لەهەر ساتەوەختێکی مێژوویدا بە شێوازێک کاردەکەن و گەشەدەکەن و جێکەوتەی گەورەیان لەسەر کایەکانی ناو کۆمەڵگا بەجێدەهێڵن، بۆیە بەپێ تێپەڕبوونی قۆناغە مێژوویەکان خواست و کاریگەرییەکان جۆرا و جۆردەبن.
ڕاستییەکی چەسپیوو هەیە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا مۆدێلێکی سەرکەوتووی میدیا لە دایکبوو ئەم مۆدێلە توانی بەڕەی کۆنی میدیای سونەتی کوردی بتەکێنێت و فەڕشێکی نوێ لەنێو ماڵی ڕاگەیاندنی کوردی دابخات.
ئێستا نەک ئەو میدیایە بەڵکو سەرلەبەری میدیا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە لەڕووی تێۆری و پڕاکتیکییەوە و لە ڕووی چەندایەتی و چۆنیایەتییەوە ، ئەم گۆڕانکاریانە بەشێکی دانەبڕاوون لە گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکانی ژیانی مرۆڤ لەسایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە بەڵام بۆئەوەی کە تێبگەین هەمیشە دەبێت مێژووی دیاردەکان ڕەچاو بکەین چونکە
هیچ شتێکی نوێ بەبێ دابڕان لە مێژووی ئەو دیاردەیە لە دایک نابێت، هەموو نوێیەک لەسەر جەستەی کۆنێک لەدایک دەبێت ئەوەی ئەمڕۆ نوێیە بۆ بەیانی کۆنە و ئەوەی ئەمڕۆ کۆنە بۆ دوێنێ نوێ بووە.
(٢٤ ساڵ )لەمەوپێش مۆدێلێکی نوێ لەنێو میدیای کوردیدا لەدایکبوو، وردە وردە گەشەی کردوو توانی شوێن دەستی خۆیی لەسەر نەخشەیی میدیای کوردستان و ناوچەکەدا بەجێبهێڵێت.
بەدیاری کراوی ڕۆژی ٢٠٠٢/١١/٢٠ بۆ بەندە و هاوڕێکانم ڕۆژێکی گرنگ و ئەزمونێکی نوێ بوو توانیمان پێکەوە بڕیار لە دەرکردنی گۆڤاری لڤین بدەین، کە ماوەیی (١٧)ساڵی ڕێک یەکێک بوو لە جەمسەرە گرنگەکانی گەیاندنی زانیاری جۆرا و جۆر و کاری ڕۆژنامەوانی و بنکۆڵکاری و بەدواداچوون، بەخشینی شێوازێکی نوێ بە کاری رۆژنامەنووسی هەم لە فۆڕمی میدیای نووسراودا و هەم بەو ناوەڕۆکە سەرنج ڕاکێش و پڕ زانیاری و کاریگەریانەی کە تاکو ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوە.
لێرە و لەوێ ئەوانەی کە ئەوکاتە نەیان دەتوانی وەک ئێمە کاربکەن، ئێستاش ناتوانن وەک ئێمە بیربکەنەوە. تەنها توانستیان چڕبووتەوە لە پەخشکردنەوەی جنێوو و دروستکردنی سیناریۆ ژەهراوییەکانیان و پەلاماری ئەو مێژووە و کاری ڕۆژنامەوانی ئێمە و هاوڕێکانمان دەدەن ،
بەسەر بەرزییەکی گەورەوە ئەو سەنگەرە ڕاستەقینەی کە پێوویست بوو بۆ خزمەت کردنی میدیا، ئێمە پێشەنگایەتیمان گرتەدەست و بە نەفەسێکی دڵسۆزانە و لە چوارچێوەی برانسیپەکانی تێۆرە نوێیەکانی کاری ڕۆژنامەوانی کارمان کرد .
بۆ ئەو مێژووە دوور و درێژە شانازییەکی گەورە بەتیمی ڕۆژنامەوانیەکەمان دەبەخشێت و بۆگیانی ئەو هاوڕێیانەمان کە لە پێناویدا شەهیدبوون سەبووری و دڵ ئارامی دەهێنێت و بۆ ئەوانەشی کە لەو ڕێگایەدا ماندووبوون جێگای پێزانینێکی زۆرە، ئەوە دەردەخات کە ڕێگای ڕاستەقینەی ئازادی وتن و نووسین لە (٢٤ساڵی) ڕابردوودا ئەو قۆناغە گرنگەیە کەتێیدا چاوی ئازادیی و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان سەر پێی خۆیان کەوتن، بەری ڕەنجی ئەو ماندوو بونە زۆرەییە.
ئێستاش کە زۆر جار بە ئەرشیفی (گۆڤاری لڤین)دا دەچمەوە تووشی شۆک دەبم، کە چۆن لەو قۆناغە هەستیار و پڕتەنگەژە ئەمنی و سیاسییەدا توانیومانە بەو توانا کەمەوە کارێک بکەین کە بۆ هەمیشە لە مێژوودا بمێنێتەوە. ئێستا دەزانم سۆشیاڵ میدیا بەجۆرێکی تر سەیری ئەو مێژووە دەکات و ڕەنگە هەرگیز زۆرێک نەزانن کە چی ڕووی داوە. چونکە سروشتی مرۆڤە نەخوێندەوارەکان ئەوەیە کە هەمیشە لە ئێستا دەژین ناتوانن لەوە تێبگەن ئەو ئێستایەیی کە تێیدا هەموان دەتوان لە لاپەڕەکانی خۆیاندا بۆچوونەکانیان دەرببڕن بەری ڕەنجی ئەو ساڵانەیە کە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی دیار و جەمسەری گرنگ کاریان کردووە و زەمینەکەیان بۆ ڕەخساندووە.
لە ئێستادا ئەوە بووەتە کاری ڕۆژنامەنووسی کە پرسیاری بچووک و جنێوی زۆر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان داگیربکات ، بۆ نموونە لە سەر و بەندی سەرژمێری لە عێراقدا سەڕەڕای هەموو ئەو پرسیارە گەورانەی کە پەیوەستن بە دۆخی سیاسی و ئایندەی نەتەوەیی و پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقەوە میدیای کوردی سەرقاڵی پرسیارە بێسەروبەرەکان و دەیەوێت هەرایی لەسەر دروست بکەن. بە هەمان شێوەش لەم دۆخە خراپەدا ئەوەندەی پرسیاری پوچ گەرا و کلتوری ناوزڕاندن و پەلاماردان تێیاندا زاڵە بەها بۆ هیچ شتێکی ئەرێنی نەماوەتەوە.
بۆ ئەوەی کە مێژوویەکی ڕاستەقینە بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی کە بزانی میدیای کوردی بەکام کۆڵانە ترسناکەکانیدا تێی کردوەو هاتووە پێویستە لەگەڵ ئێمە ئەو لاپەڕە زۆرانە بخوێنیتەوە کە خۆی لە قەرەی پەنجا هەزار لاپەڕە ئەدا لە گۆڤاری لڤین و ئەو شەپۆلە گرنگی بەدوادا چوون و بنکۆڵ کارییە بەرفراوانەی کە ئەم میدیایەکاری تیاکردووە.
بە پێویستمزانی، لەیادی (٢٢) ساڵەیی دەرچونی گۆڤاری لڤیندا، ئەو ڕاستییە مێژووییانە دووبارە بکەمەوە کە بۆ ئێستای میدیای کوردی گرنگە، و پشتیش بکەم لە هەموو ئەو لاپەڕە پیسانەی کە کاریان ناوزڕاندنە. ئێوە وەرن لەنێو میژووی کاری میدیایی و کارە ڕۆژنامەوانیەکاندا ئەرکی ئێمە و هاوڕێکانمان و پەیام و بیرەکانمان دیاری بکەن. بزانن لە کوێوە بۆ کوێوە هاتووین و بەکام ئەسپی شەلی ئازادیدا گەیشتووینەتە ئەو مەنزڵەی کە ئێستا تێیدا تا ڕادەیەکی زۆر بە ئازادی هەناسەیەک بدەین ، ڕێگاکە دوور و درێژبوو قوربانی زۆری هەبوو شەهیدبوون و زیندانی تاکە کەسی و گرتن و غەرامە کردن و ئاشنابوون بە مەفخەرەکانی پۆلیس و دادگاکان لە (سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەولێر و تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان).
ئێمە لەم ڕێگایەدا شوێنێک لەم کوردستان و لەم وڵاتە نەماوە کارمان تیا نەکردبێت و شوێنێکش نەماوە لەم وڵاتەدا خۆم و هاوڕێکانم ئازارمان تیا نەچێشتبێت.
دەمەوێت بە بیرتان بێنمەوە بۆئەوەی کە میدیا سەرپێی خۆی بکەوێت ،سوچی زیندانەکانی زۆرێک لە شارەکانی کوردستانم بینیووە لە (سلێمانی و لە هەولێر و لە هەڵەبجە و دەربەندیخان و کەلار و ڕانییە و شوێنەکانی تری کوردستان). بە ڕووخساری ئەو دادوەرە ترسناکانە ئاشنا بووین کە لە ژێر وێنەی سەرۆکە توڕەکانیان فەرمانی دادگای کردنیان بۆ دەرئەکردین و بە ڕووخساری ئەو ئەفسەرانە ئاشنابوون بەبێ ئەوەی جیاوازی بکەن لە نێوان ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و لاپەڕەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان فەرمانی دەستگیر کردنی ئێمەیان جێبەجێدەکرد، کەلەپچە و زیندان و ڕاوەدونان و پەلاماردان سەرلەبەری ڕۆژانی تەمەنی گەنجیەتی ئێمەیان داگیرکردبوو.
ئێمە بۆ ئەوکارانە، داوای پاداشت و داوای شتگەلێکی نوێ لە هیچ کەسێک ناکەین. بەڵام دەمانەوێت پێتان بڵێن: ئەو بۆچوونەخراپانەی کە بەشێک لە سۆشیاڵ میدیا و کەسانی پشتیان لە فۆڕمی مرۆڤی دەمامکدارا دەرەکەون، ترسنۆک و لەرزۆکن، ئێستاش ناتوانن پێناسی خۆیان دەربخەن، کەچی پەلاماردەدەن، جێگای نیگەرانییە. هەرچەندە لەگەڵ بارودۆخی خراپ و تەندراو بە دەزگای ئەمنی ناحاڵی بە سروشتی گەشەسەندنی میدیا و کۆمەڵگادا تاڕادەییەک بە شتێکی سروشتی دەبینین.
بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانانەی کە لەم ڕێگا دورودرێژەیا لەگەڵمابوون ڕێز و خۆشەویستیەکی زۆرم هەیە. بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانانەشم کە شەهیدبوون، سەری ڕێزو نەوازش دادەنەوێنم بۆ ئەوانەشی تا ئێستا لەگەڵماندا ماونەتەوە دەستی ماندووبونیان دەگوشین.
دەتوانم بڵێم ڕۆژی ٢٠٠٢/١١/٢٠ ڕۆژی لەدایکبوونی میدیایەکەی پێویست و جیاوازبوو.
ئەحمەد میرە