ئیمانوێل ماکرۆن و ڤلادیمیر پووتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و دۆخی ئۆکراینا و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تاوتوێ کرد، لە پەیوەندییەکەدا ماکرۆن داوای ئاگربەستی بەپەلەی کرد و پووتین رۆژئاوای بە هۆکاری شەڕەکە تۆمەتبار کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەمووز، کۆشکی کرملین رایگەیاند: ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەڕەنسییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە کە یەکەم پەیوەندیی نێوانیانە لە مانگی ئەیلوولی 2022وەوە کە چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی هێرشە بەرفراوانەکەی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا ئەنجام درابوو.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی ئێلیزێ، ماکرۆن داوای لە پووتین کردووە بە زووترین کات ڕەزامەندی لەسەر ئاگربەست لە ئۆکراینا بدات.
ماکرۆن جەختی لە پشتیوانیی نەگۆڕی فەڕەنسا بۆ سەروەریی ئۆکراینا و یەکپارچەیی خاکەکەی کردەوە، داوای کردووە بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیەنرێت و گفتوگۆ لەنێوان ئۆکراینا و رووسیادا دەست پێ بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی و پتەو بۆ ململانێکە.
هەروەها دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیان تاوتوێ کرد و بڕیاریان دا هەوڵەکانیان هەماهەنگ بکەن و بەمزووانە پەیوەندیی زیاتر ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی هاوبەشی بابەتەکە.
ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکەدا رۆژئاوای بە بەرپرسیاری سەرەکیی شەڕی ئۆکراینا دانا و جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت درێژخایەن بێت.
پووتین بە ماکرۆنی راگەیاندووە کە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت گشتگیر و درێژخایەن بێت و هۆکارە ریشەییەکانی قەیرانی ئۆکراینا لەناوببات.