لڤین
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی گازی سروشتیی ئێرانەوە، سێ هەزار و 800 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە.
سەعد فەریح، بەڕێوەبەری بەشی سوتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندووە، لەم ماوەی دواییەدا هاوردەی گازی سروشتیی ئێران بۆ نیوە کەمیکردووە، بەجۆرێک ئەو بڕەی رێککەوتنی لەسەر کراوە 55 ملیۆن مەتر سێجا بووە بەڵام کەمبووەتەوە بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا.
ئەوەشهاتووە، کەمبوونەوەی ئەو بڕە گازەی ئێران هۆکاربووە بۆ کەمبوونەوەی سێ هەزار و 800 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا.
راشیگەیاندووە، ئەوان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیەی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە هەماهەنگیدان بۆ دابینکردنی سوتەمەنیی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی کارەبا بەشێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانی کارەبا و کارکردنی وەزارەتەکەیان بۆ سەقامگیری لە دابینکردنی کارەبا.