لڤین
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو هەواڵانەی پشتڕاستنەکردەوە، کە باس لە دەستپێکردنەوەى دانوستان لەم هەفتەیەدا دەکەن و دەڵێت، “رایگشتى ئەوەندە تووڕەیە کەس ناوێرێت باسى دانوستان بکات”.
ئیسماعیل بەقائی، لە دیمانەیەکى تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکردووە، “دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، تەنانەت لە لوتکەی شەڕیشدا”. نموونەى بە سەردانەکەى عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەى وڵاتەکەى هێناوەتەوە کە لە کاتى جەنگەکەدا لەگەڵ سێ بەرپرسی ئەوروپی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە جنێڤ کۆبووەتەوە.
باسیلەوەشکردووە، ئەوان هەمیشە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانیان، بەڵام “مەسەلەکە ئەوەیە، کە دەبێت لەوەى روویدا ئەزموون وەربگرن”.
بە وتەى بەقایى، ئەوەى لەسەروبەندى دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەرامبەر وڵاتەکەى روویداوە “خیانەتێک بووە لە دیپلۆماسی”. وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
لە وەڵامى ئەوەى ئایا ئێستا دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکرێت، بەقایى دەڵێت “ئێستا ئەوان سەرنجیان لەسەر ئەوەیە روویداوە و گوتیشى، “گەلەکەمان شۆک و تووڕەیە لەوەی روویدا، پێداچوونەوە بە هەموو شتێکدا دەکرێت، بەڵام بۆچوونم وایە ئێستا رایگشتی ئەوەندە تووڕەیە تەنانەت کەس ناوێرێت باسی دانوستان و دیپلۆماسی بکات”.
ئەوەش لە کاتێکدایە مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە رۆژانى رابردوودا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە رووی دیپلۆماسی بە کراوەیی دەمێنێتەوە بە مەرجێک ئەمریکا دڵنیایی بدات کە پەنا بۆ کردەوەی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی نابات.
پێشتر ماڵپەرى ئاکسیۆس بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی کە ناویان نەهێنراوە، بڵاویکردەوە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری کۆشکی سپی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنیازە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆ کۆببێتەوە.
تاران و واشنتن لە ١٢ـی نیسانەوە پێنج خولی دانوستانی ئەتۆمییان ئەنجامداوە و بڕیار بوو خولێکی دیکە دوو رۆژ پێش هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەڕێوەبچێت.