ئاسایش لەسەر جلی دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکەی پیرەمەگرون ڕونکردنەوە دەدات

لڤین:

وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی لەبەر کردنی جلی پرتەقاڵی بۆ چەند دەستگیرکراوێکی خۆپیشاندانەکەی پیرەمەگرون ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت،رەنگی جلەكانیان رەنگێكی جیهانی پەیڕەو كراوەو پەیوەندی بەجۆری تۆمەتەكەوە نییە.

دوای بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی ژمارەیەک لەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە سوتاندنی کتێبخانەکەی پیرەمەگرون و لەبەر کردنی جلی پرتەقاڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەی فراوانی لێ کەوتەوە و خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و کەسایەتیە سیاسیەکان و بە کارێکی نادروستیان لێکدایەوە.

لەو بارەیەوە یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بە میدیای فەرمیی یەکێـتی  ڕایگەیاند “تۆمەتبارەكان لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، تەئكیدیشیكردەوە دوای رێوشوێنە یاساییەكان ژمارەیەكیان بەبارمتەی یاسایی و بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە ئازاد دەكرێن”.

سەبارەت بەڕەنگی جلوبەرگی تۆمەتبارەكان وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، بەپێی یاساو رێنمایی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان زیندانیان بەپێی ستاندارد دەبێ جلوبەرگی زیندانی یەك پۆشی بێت و سەبارەت بەڕەنگەكەشی رایگەیاند رەنگێكی جیهانی پەیڕەو كراوە و پەیوەندی بەجۆری تۆمەتەكەوە نییە.

یاسین سەمیع دڵنیایشیدا لەوەی بەردەوام رێكخراو نێودەوڵەتیەكانی وەك خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و سەرجەم رێكخراوە تایبەتمەندەكان سەردانی زیندانیان لەئاسایشی سلێمانی دەكەن و ئاسایشی سلێمانی پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتیەكان دەكات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button