لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

db fab f a fc

لڤین

وەزارەتی سامانەسروتشییەكانی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوەو سەبارەت بە قاچاغبردنی نەوتی هەرێم دەڵێت: ئەوە ئێوەن کە نەوت لە باشور بە قاچاخ دەبەن و هەمو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەموان ئەنجام دەدەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە كە وتبوی، پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستبەجێ نەوتەكەی رادەستبكات بەگوێرەی دەقی یاسای بودجەی هەموارکراو.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتویەتی، ئێوەن کە دەستور بەشێوەیەکی زەق و بەردەوام پێشێل دەکەن، و بونەتە کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ چەندین ساڵ، ئەم یاسایە کە بەردی بناغەیە بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە نەوتییەکان، لە جیاتی ئەوە، پێداگری دەکەن لەسەر دەستگرتن بە سیستەمی یاساکانی ڕژێمی پێشو کە یاسای بەعسیی ناوەندیی سەردەم بەسەرچون.

ئاماژەی بەوەشداوە، موچە و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێمتان بڕی و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستورن و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان.

 هەروەها وتوشیەتی، سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێم، ئەوە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاغبردن و گەندەڵیی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

وتوشیەتی، ئەوە ئێوەن کە نەوت لە باشور بە قاچاخ دەبەن و هەمو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەموان ئەنجام دەدەن، بە شایەتیی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵی ئاشکرا دەکەن.  

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هێمای بۆ ئەوەش كردوە، خستنە ئەستۆی هەرێم بەرپرسیارێتی زیادەی ئۆپێک هەڵەی ئێوەیە، چونکە ئێوە نەوتی ئەوانی تر بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشداوە، مافی دەستوریی هەرێم لە بەرهەمهێنان دو هێندەی ئێستایەتی، بەڵام هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات، تەنانەت نیوەی ئەم بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت. زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست کردون و یەک دیناریشتان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە  حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە نییە کە بوەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکو ئەوە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە بو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد و بەهۆیەوە هەناردەکردن لە 25/3/2025 ڕاگیرا، کە بوە هۆی زیان گەیاندن بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیاکان بە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار.

دەقی راگەیەندراوەكە:

جارێکی دیکە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەیاننامەیەکی سیاسی بڵاودەکاتەوە کە تەواو دورە لە ڕاستییە بابەتییەکان، و لە ڕێگەیەوە سورە لەسەر سیاسەتی خستنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی شکستە کەڵەکەبوەکان کە، لە بنەڕەتدا، دەرئەنجامی سیاسەتە (ناوەندییەکانن) کە ڕەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینەیان نەکردوە کە عێراقی فیدراڵی لەسەری بنیات نراوە. پێش چونە ناو وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەی ئیدعاکانی باسکراو، دەمانەوێت لەبەرچاوی ڕای گشتی چەند ڕاستییەک بخەینەڕو کە ناتوانرێت نکۆڵییان لێبکرێت و پشتگوێ بخرێن:

ئێوەن کە دەستور بە شێوەیەکی زەق و بەردەوام پێشێل دەکەن، و بونەتە کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ چەندین ساڵ، ئەم یاسایە کە بەردی بناغەیە بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە نەوتییەکان. لە جیاتی ئەوە، پێداگری دەکەن لەسەر دەستگرتن بە سیستەمی یاساکانی ڕژێمی پێشو کە یاسای بەعسیی ناوەندیی سەردەم بەسەرچون، بەتایبەتی یاسای ساڵی ١٩٧٦، کە بە شێوەیەکی ڕون و ئاشکرا ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستوری کاری پێکراو. بەوەش نەوەستان، بەڵکو موچە و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێمتان بڕی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیان، و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستورن، و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان.

سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێم، ئەوا هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاغبردن و گەندەڵیی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێوەن کە نەوت لە باشور بە قاچاخ دەبەن و هەمو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەموان ئەنجام دەدەن، بە شایەتیی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵی ئاشکرا دەکەن. ئێوەشن کە نەوت تێکەڵ دەکەن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دەکەن لە جیاتی خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، بە سیاسەتگەلێکی جێی داخ کە زیانی بە ناوبانگی نەوتی عێراقی لە ئاستی جیهاندا گەیاندوە.

لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پابەند بوە بە هەمو ئەرکەکانیەوە، سەرەڕای پابەندنەبونی لایەنی بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستورییەکانی. خستنە ئەستۆی هەرێم بەرپرسیارێتی زیادەی ئۆپێک هەڵەی ئێوەیە، چونکە ئێوە نەوتی ئەوانی تر بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشن. مافی دەستوریی هەرێم لە بەرهەمهێنان دو هێندەی ئێستایەتی، بەڵام هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات، تەنانەت نیوەی ئەم بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت. زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست کردون، و یەک دیناریشتان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتن و پابەندییە داراییەکان.

سەبارەت بەوەی لە بەیاننامەکەی دواییتاندا هاتوە، ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ڕوندەکەینەوە، بە شێوەیەک کە گومانی تێدا نییە:

1- حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە نییە کە بوەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکو ئەوە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە بو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد، و بەهۆیەوە هەناردەکردن لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ ڕاگیرا، کە بوە هۆی زیان گەیاندن بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیاکان بە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار.

2- لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، و بەدیاریکراوی لە ٤/٤/٢٠٢٣، ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، بەڵام یاسای بودجە بڕیاریدا لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ تێچوی بەرهەمهێنان (کە شەش دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان واز لە بەرهەمهێنان بهێنن بەپێی ئەم دیاریکردنە.

3- لەسەر داوای وەزارەتی نەوت، بڕێک لە نەوتی هەرێم ڕادەستی یەکێک لە پاڵاوگەکان کرا کە بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوت کاردەکات، ئەمەش بۆ ماوەیەک کە لە پێنج مانگ زیاتر بو. کۆی گشتیی ئەوەی ڕادەستکرا (١١،٨٢٦،٢١٨) بەرمیل بو. سەرەڕای ئەم پابەندبونەی لایەنی هەرێم، یەک دینار لە بەرامبەر ئەم بڕە نەدرا، و بەهۆی ئەوەشەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان وازیان لە ڕادەستکردنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوت هێنا.

4- لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیی ئێستا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. بە کردەوە چەندین کۆبونەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبوە. سستی و دواکەوتنێکی ڕون لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەدی دەکرێت لە بەدواداچونی ئەم دۆسێیە زۆر گرنگە، کە کلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردو حکومەتە.

5- بەو پێیەی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە، و یەکێک لە مافە دەستورییەکانی هەرێم ئەوەیە کە یاسادانانی تایبەت بە خۆی هەبێت کە کاروباری خۆی ڕێکبخات، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان واژۆ کردوە بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و گازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧. ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ڕاستەقینە لەم گرێبەستانەدا هەبوایە، ئەوا کۆمپانیا جیهانییە ناودارەکان ملیارەها دۆلاریان لە هەرێمدا وەبەرهێنان نەدەکرد بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی.

6- عێراق دەستورێکی هەیە، ئەگەر بە حوکمەکانی کاری پێبکرایە، دەق و ڕۆح، دور لە هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە تەسکەکان لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا، ئەوا دۆخی گشتیی وڵات، و بەتایبەتی دۆسێی نەوتی، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە لە ئاڵۆزی و قەیراناویبون.

7- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەند بوە بە ئەرکەکانیەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، کە ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر: فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، و سپاردنی تەواوی داهاتی فرۆشتن لە گەنجینەی دەوڵەت، و دیاریکردنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری، و کردنەوەی هەژمارێکی گەرەنتیکراو (Escrow Account) بە ناوی کۆمپانیاکانەوە.

8- کۆمپانیا نەوتییەکانی کارکەر لە هەرێم داوای ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەن: (کارکردن بە گرێبەستەکان لە ڕوی مۆدێلی ئابوری، مەرجە بازرگانییەکانی ناو گرێبەست، دەستنەبردن بۆ گرێبەستەکان چونکە ڕێڕەوی یاسایی خۆیان لە دادگا فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکان وەرگرتوە).

دەمانەوێت یادی ئێوە و ڕای گشتی بخەینەوە کە ڕێککەوتنی (کاتی) تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، و ئەو کۆبونەوە و دیدارانەی دواتر ئەنجامدران، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر نەرمونیانیی هەرێمی کوردستان و ئامادەیی بۆ هاوکاری، ئەمەش وادەکات ئیدعاکانی وەزارەتەکەتان سەبارەت بە بێسودیی گفتوگۆکانی پێشو لەگەڵ هەرێم، ئیدعایەکی بێ بنەما بن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks