لڤین
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دووپاتیکردەوە، هیچ حاڵەتێکی سەلمێنراوی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان رووینەداوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن رایگەیاند، “دەنگوباسی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە کاندیدەکان بە 400 هەزار دینار، دوورە لە راستییەوە و تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر هیچ فرۆشتن و کڕینێک نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کارتی بایۆمەتری بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی دادەنرێت، هەر بەکارهێنانێکی نایاسایی تاوانە، ئەو کەسانەی تێوەدەگلێن بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، جا ئەو هاوڵاتییە بێت یان ئەو کەسەی کارتەکەی بەدەستهێناوە؛ هەردووکیان رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، کار لەسەر تەکنەلۆجیای ناسینەوەی رووخسار بۆ دەنگدەران دەکرێت، نەک تەنها پشت بە پەنجەمۆر ببەسترێت، ئەمەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەو کێشانەی کە بەهۆی نەناسینەوەی پەنجەمۆرەوە دروستدەبوون.
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 2025/11/11، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.