لڤین
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو خولی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی تاران و واشنتن بەڕێوەدەچێت.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەکردووە، خولی شەشەمی دانوستانەکە لە رۆژی شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو لە یەکێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت.
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە وەریگرتووە، ئێران رازی دەبێت بەو پێشنیازەی ئەمریکا کە داوای پێکهێنانی یەکیتییەکی هاوبەشی هەرێمی دەکات بۆ چاودێریکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و دابینکردنی کەرەستەی ئەتۆمی.
بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئەمریکا دەبێت هەریەکە لە ئێران، ئەمریکا، ئیمارات، تورکیا، سعودیە و قەتەڕ ئەندامی یەکێتییەکەبن و ئەرکەکەشی چاودێریکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانە و راگرتنی لە ئاستێکدا نەگاتە پلەی گەیشتن بە چەکی ئەتۆم .
ئەوەش لە کاتێکدایە لە دوایین لێدوانیدا، عەلی خامنەیی رێبەریی باڵای ئێران رایگەیاند، ئەوان لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم رێگەپێدان لە واشنتن وەرناگرن. گوتیشی، دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل ئاگاداربن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن.
خولی شەشەمی دانوستانەکە لە کاتێکدا بەرێوەدەچێت، هێشتا تاران وەڵامی ئەو نامەییەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکای نەداوەتە کە شەممەی رابردوو لە رێگای وەزیری دەرەوەی عومان درایە دەست بەرپرسانی ئێران و تیایدا پێشنیازی رێککەوتنێکی ئەتۆمی کراوە.