لڤین
عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند، دوای ڕوخانی ئه‌م دواییه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆك كۆماری سوریا كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر حوكمڕانی وڵاته‌كه‌ی كرد، سوریا ڕوبه‌ڕوی ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌بێته‌وه.
به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی خوێندكارانی ئێران، عه‌باس عێراقچی رایگه‌یاندوه، “زۆر زوه حوكم له‌سه‌ر داهاتوی سوریا بدرێت، چونكه زۆر هۆكار ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی ئه‌وێ هه‌بێت”.
عه‌باس عێراقچی ڕونیكرده‌وه، “ئه‌وانه‌ی له ئێستادا باوه‌ڕیان به هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن هه‌یه نابێت پێشوه‌خته دڵخۆش بن”.
ئه‌و لێدوانه‌ی عه‌باس عێراقچی دوای ئه‌وه دێت كه ئه‌سعه‌د حه‌سه‌ن شه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نوێی سوریا، هۆشداری هاوشێوه‌ی عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای ئێرانی ڕه‌تكرده‌وه.
عه‌لی خامنه‌یی له وتارێكدا كه له میانی ڕێوڕه‌سمێكی ئایینی له تارانی پایته‌ختی ئێران پێشكه‌شی كردبو ڕایگه‌یاندبو، چاوه‌ڕوانی خۆڕاگری نوێ له‌لایه‌ن سورییه‌كانه‌وه له دژی سه‌ركردایه‌تی نوێ له وڵاته‌كه‌دا ده‌كات.
ئه‌سعه‌د حه‌سه‌ن شه‌یبانی له پۆستێكیدا له‌سه‌ر پلاتفۆرمی ئێكس، دره‌نگانی ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه، وتی، “پێویسته ئێران ڕێز له ئیراده‌ی گه‌لی سوریا و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی وڵات بگرێت”.
راشیگه‌یاندوه، “هۆشدارییان ده‌ده‌ینه‌وه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاژاوه‌گێڕی له سوریا، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارییان له كاردانه‌وه‌ی لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه ده‌زانین”.