لڤین
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، شاندێکی وڵاتەکەى بە سەرۆکایەتیی روستەم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگری، سبەی دووشەممە بەشداریی خولی دووەمی گفتوگۆ راستەوخۆکانی ئیستانبوڵ دەکەن.
سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، پێش کۆبوونەوەکەی ئیستانبوڵ، هەڵوێستەکانی خۆیان لەسەر پرۆسەی ئاشتی و ئاگربەست خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوشێوەی خولی یەکەمی گفتوگۆکان، شاندەکە لەلایەن عومەرۆڤەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، جەختیشی لەوەکردەوە، دۆسیەی ئاگربەستێکی یەکجاری و بێمەرج، داواکاریی سەرەکیی شاندەکەیان دەبێت، جگە لەوەش ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و منداڵانی ئۆکرانی، کە بە “منداڵە رفێندراوەکان لەلایەن رووسیاوە” ناویبردن، یەکێکی دیکە دەبێت لە باسوخواسی گفتوگۆکان.
پێشنیازی ئەنجامدانی گفتوگۆکانی ئیستانبوڵ لە مانگی ئایاردا، لەلایەن مۆسکۆوە راگەیەندرا، لە گفتوگۆکاندا مەرجەکانیان بۆ ئاشتی و ئاگربەست دەدەنە ئۆکرانیا، لەکاتێکدا ئۆکرانیا داوایکردبوو بەرلە دەستپێکردنی گفتوگۆکان ئەو مەرجانەیان پێبدرایە.
بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانەکان، لەکاتێکدایە، ئۆکرانیا و رووسیا هێرش و بۆردوومانەکانیان فراوانترکردووە.