لڤین
کەمێک لەمەوبەر، گەشتیارێک کە بەنەتەوە عەرەبە لە دەریاچەى دوکاندا خنکاو لە هەمان کاتیشدا چوار کەسى تر رزگارکراون، هەر ئەمڕۆش لە کۆیە و خانکێ دوو کەسى دیکە لە خنکان رزگارکرا بوون.
ئارام عەلى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەوەى پێمان گەیشتووە، گەشتیارێکى بە نەتەوە عەرەب لە دەریاچەى دوکان خنکاوە و لە هەمان شوێن چوار کەسى دیکەش لە خنکان رزگارکراون.
بە وتەى ئارام عەلى، گەشتیارەکان ژمارەیان پێنج کەس بووە، کاتژمێر 4:17 خولەک دەستیان کردووە بە مەلەکردن و دواى کەمتر لە چارەگێک مەترسى کەوتووەتەسەریان.
وەک باسى دەکات لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە چوار لەو کەسانە لە خنکان رزگارکراون، بەڵام گەشتیارێکیان لە دانیشتووى پارێزگاى واستە و تەمەنى 26 ساڵە، خنکاوە.
“تەرمى گەشتیارە خنکاوەکە دەرهێنراوەتەوە”، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانى واى وت.
هەر ئەمڕۆ، بەرگرى شارستانى کۆیە بڵاوى کردەوە لە ناوچەى گەشتیارى بۆگد، هاوڵاتییەکیان لە خنکان رزگار کردووە، بەرگرى شارستانى دهۆکیش رزگارکردنى هاوڵاتییەکیان لە رووبارى سکرێ لە ناحیەى خانکێ، راگەیاند.