
بەرهەم جەمال
- بەرهەم جەمال#molongui-disabled-link
- بەرهەم جەمال#molongui-disabled-link
نووسینی : بەرهەم جەمال
لێدانەوەی ئەم قەوانە کۆنانەی باسکردن لە گوایا “مافی دەستووری” کە خێڵی دەستەڵات لە هەرێم لە ئاستی پترۆلیۆمی (کەرتی وزە) و داراییەکەدا، بۆ مانۆڕی کارتێکەڵکردن و پاساوبەخۆدان بە پڕۆژەی تاڵانکاری و هۆشبادانی لایەنگر و کادرە موفتخۆرەکانیان بەردەوام باسی لێ دەکات، لە ڕاستیدا هیچ نیە جگە لە ڕیتۆریک و دەقپێوەگرتنێکی زمانەوانیی بێمانا و بێبنەما کە تەنانەت بۆ خۆشیان گومانی تێدا نیە، باوەڕی ئازادانە و کردارییان بە ناوەڕۆکی نیە.
دەستووری عێراق لە مادە و بڕگەکانی خۆیدا دەڵێت:
١- “داهاتە فیدڕالییەکان” (پترۆلیۆم و گومرگ و نیوەی داهاتی ناوخۆی هەر زۆنێکی عێراق)، پێش دادپەروەرانە دابەشکردنەوەی بەسەر هەر زۆنێکدا، دەبێت سەرەتا بگەڕێندرێتەوە ناو ئەو دەستە گشتییە فیدڕالییەی عێراق کە لە دەستووری خۆیدا لە ٢٠٠٥ ڕێکەوتنی لەسەر کراوە و دەستەڵات لە هەرێم کاری پێ ناکات – مادەی ١٠٦.
٢- داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و بازرگانی و بەستنی هەر پەیماننامە و گرێبەستێکی نێودەوڵەتی -کەرتی پترۆلیۆم لێرەدا- دەستەڵاتی حکومەتی فیدڕالییە و دەستەڵات لە هەرێم کاری پێ نەکردووە – مادەی ١١٠/بڕگەی ١.
٣- “نەوت و گاز موڵکی تێکڕای گەلی عێراق”ە. کەواتە داهاتی کۆی ئەم کەرتەش بۆ کۆی گەلی عێراقە و دەبێت هەموو زۆنە پترۆلیۆمییەکانی عێراقیش ئەم داهاتە بگێڕنەوە ناو خەزێنە گشتییە فیدڕالییەکەی عێراق و دەستەڵات لە هەرێم کاری پێ ناکات – مادەی ١١١.
٤- بەڕێوەبردنی کەرتی وزە، مەرزەکان، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و تەنانەت سیاسەتی تەندروستیی گشتیش لە هەرێم پڕۆسەیەکی هاوبەش و ڕاوێژکاریی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕالییە و دەستەڵات لە هەرێم کاری پێ ناکات – مادەکانی ١١٢ و ١١٤/بڕگەی ٥, ٢, ١.
فەرموون، ئەوە دەستوورە، جێبەجێی بکەن، ئەو “ماف”ی مادە و بڕگە دەستوورییانەی کە ساڵانێکە ڕووقایمانە تەشقەڵە و تەتەڵەی سەفسەتەی سیاسی پێ دەکەن و بە جورئەتەوە و ئازادانە، لەجێی دەستڕاکێشان بۆ تایتڵ، لەسەر ناوەڕۆکیان ڕاستگۆیانە ناوەستن و هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵک، نەک خۆتان، لەناو دەستووری هاوبەشی عێراق و بە تەبایی لەگەڵ بەغداددا نادەن

















