Search
Close this search box.

لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران: لیستی نوێی راستكراوه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت

لڤین

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشوازی له‌ بڕیار و ڕاسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی ئابووریی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، داواشی‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و ژماره‌ی وه‌زیفییان ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی داراییی فیدڕاڵ بكرێت و له‌ به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی فیدڕاڵ ته‌واوكاریی مووچه‌ی مانگه‌كانی پێشوو بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگی 8 له‌ هه‌رێم دابه‌ش بكرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلولی 2024، به‌ سه‌رپه‌رشتیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ “ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادی (63)ــه‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول، به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ شۆڕشێكی نیشتمانی و سه‌رتاسه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بوو، به‌ گشت پێكهاته‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ له‌پێناو داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی”.

پاشان ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ ڕوو، كه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی فیدراڵی بۆ كاروباری ئابووری و ئه‌نجومه‌نی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ڕۆژانی 8-9ی ئه‌یلولی 2024 و تاووتوێكردنی ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی بڕیار و ڕاسپارده‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ جۆرێك هیچ بیانوو و به‌هانه‌یه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی داراییی فیدراڵ نه‌هێڵرێته‌وه‌، بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خه‌رجكردنی شایسته‌ی داراییی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پێشوازی له‌ بڕیار و ڕاسپارده‌كانی په‌سه‌ندكراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، و بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ كرد، سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامبوونی وه‌زاره‌تی داراییی فیدڕاڵ بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بێبه‌ش كرابوون له‌ وه‌رگرتنی مووچه‌كانیان به‌هۆی نه‌بوونی (ژماره‌ی وه‌زیفی).

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كان به‌ تایبه‌تیش به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی هێنانه‌كایه‌ی ژماره‌ی وه‌زیفی بۆ ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی تا ئێستا تۆمارنه‌كراون و ڕه‌چاوكردنی تێبینی و سه‌رنجه‌كانی دیكه‌، به‌ جۆرێك له‌ نزیكترین ده‌رفه‌ت له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و ژماره‌ی وه‌زیفییان ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی داراییی فیدڕاڵ بكرێت و له‌ به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی فیدڕاڵ ته‌واوكاریی مووچه‌ی مانگه‌كانی پێشوو بنێرێت، كه‌ خه‌رجكردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگی 8 له‌ هه‌رێم دابه‌ش بكرێت و ئاماده‌كاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچه‌ی مانگی 9، هاوتای مووچه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق.

دواتر هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی (بازرگانی و پیشه‌سازی، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ناوخۆ، سامانه‌ سروشتیه‌كان، پلاندانان، داد) ئه‌و بابه‌تانه‌یان خسته‌ ڕوو، كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی هاوتایان له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه‌ و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شیان لێ هاتووه‌ته‌دی، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی ئابووریی فیدڕاڵ وهه‌رێم، له‌باره‌ی هه‌ندێك پرسی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕۆژمێری كشتوكاڵی، مۆڵه‌تی هه‌نارده‌ و هاورده‌كردن، مۆڵه‌تی كارگه‌كان، تۆماركردنی كۆمپانیاكان، پۆلێنكردنی به‌ڵێنده‌ران، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، گومرگ، دۆسیه‌ی نه‌وت و وزه‌ و كه‌رتی بانكی.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد بۆ به‌رده‌وامبوونی كاركردنی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌ت و كه‌رته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌ردوو حكومه‌ت بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی پێیان سپێردراوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ له‌یه‌كتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور .

سه‌رۆك وه‌زیران هیوای خواست ئه‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنیی و له‌یه‌كتێگه‌یشتنه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا گفتوگۆی تێدا كرا ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی گشت كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا .

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی و له‌ به‌رامبه‌ریشدا خوازیاره‌ ڕێز له‌ مافه‌ ده‌ستووری و قه‌واره‌ی فیدراڵی هه‌رێمی كوردستان بگیرێت.

له‌ كۆتاییدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستانی ڕاسپارد بۆ په‌سه‌ندكردنی ڕاسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئابووری له‌ شاری به‌غدا بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كان به‌ ئاراسته‌ی گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ماون.

لڤین پرێس
Scroll to Top