لڤین
شاندێک کە لە پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتوون، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن.
پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) بڵاویکردەوە، هەریەک لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتەکە و ئەندامی شاندی ئیمراڵی و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەر و ئەندامی دەستەی پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن.
دوایین سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ لای ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا بوو، ئەو رۆژەی پەیامی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی کە لەلایەن ئۆجەلانەوە نووسرابوو، خوێندرایەوە.
ئەمە چوارەم سەردانە بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمراڵی و لە سەردانەکانی یەکەم و دووەمدا هەریەک لە پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر بەشداربوون کە لە 28ی 12ی ساڵی رابردوو و 22ی 1ی ئەمساڵدا ئەنجامدران.