لڤین
هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی و یەکێتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی سبەینێ پێنجشەممە، 16-04-2025، هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، کۆ دەبنەوە.
کۆبوونەوەی سبەینێ هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی و یەکێتی، درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی پیرمامە کە ڕۆژی سێشەممە، 15-04-2025، بەڕێوە چوو و تێیدا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کرا.
دوای تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوەیە، پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە “کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.”
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە.”